شارەزایانی سەربازی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق ھەیە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شارەزایانی سەربازی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق ھەیە

شارەزایەكی سەربازی ڕایدەگەیەنێت: سووربوونی حكوومەتی عێراق بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی ئەمریكا دەبێت.

شارەزای سەربازی، لیوا عادل كاكەیی ڕایگەیاند كە سووربوونی حكوومەتی عێراق بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی ئەمریكا دەبێت، بەڵام شارەزای سەربازی لە عێراق موئەید جحێشی ئاماژە بەو دەدات كە بەھیچ شێوەیەك لە داھاتوودا پەیوەندی سەربازی، كاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا لە بوارە سیاسی و ئابوورییەكاندا نابێت.

شەوی ٧ی ئەم مانگە لە ئاكامی ھێرشیكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ناوچەی مەشتەل ڕۆژھەڵاتی بەغدا، دوو فەرماندەی كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بە ناوەكانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەركان عەلیاوی كوژران.

دواتر فەرماندەیی ناوەندی ھێزەكانی ئەمریكا، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھیرشەكە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە ئەبو باقر ساعید-یان بەھۆی ئەوە كوشتووە، چونكە بەرپرس بوو لە پلاندانانی ھێرشكردنە سەر ھێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.

لای خۆیەوە وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ لە ڕاگەیەندراوێكدا، ھێرشەكەی شەوی ٧ی ئەم مانگەی ئەمریكا بۆسەر فەرماندەكانی كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە بەغدا، بە نابەرپرسانە لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند، ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە، دەبنە مایەی تێكدانی لێكتێگەیشتنەكان و دەستپێكردنی گفتوگۆی دووقۆڵی.

ــ كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی ئەمریكا دەبێت

شارەزای سەربازی، لیوا عادل كاكەیی لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "خۆی لە ڕاستییدا ئێستا، سوودانی كەوتووەتە نێوان دوو بەردی دەساڕەوە، یەكێكیان ئێرانە كە میلیشیاكانی بەرداوەتە گیانی و ئەوەی دیكە ئەمریكایە، وەكو حكوومەت، دەزگای دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ئەمریكا پارێزەری عێراقە و دەبێت عێراق بە شێوەی دیپلۆماسی وەكو ھاوپەیمان ڕفتار لەگەڵدا بكات".

وتیشی: "لەلایەكی دیكەوە، ئەو میلیشیایانەی كە ئێران دروستی كردوون، بەڕەكەیان لەژێر پێی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاكێشاوە و سەرۆكوەزیرانیان بەجۆرێك خستوویانەتە دووڕێیانەیەكی زۆر خراپەوە كە ھەڵبژاردنی ھەر كام لەو دوو ڕێیانە بۆ سەرۆكوەزیران و حكوومەتەكەی باش نییە".

لیوا عادل كاكەیی ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر سوودانی و حكوومەتەكەی پشتی میلیشیاكانی ئێران بەر بدەن و ڕاستەخۆ پشت بدەن بە ئەمریكا، ئەگەری ھەیە سوودانی سەری تێدا بچێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر پشت لە ئەمریكا بەر بدات و پاڵپشتی لە میلیشیاكان بكات لە دژایەتیكردنی ئەمریكا، ئەوە ڕووبەڕووی كاردانەوەیەكی توندی ئەمریكا دەبێتەوە".

باسی لەوەشكردووە ئێستا سوودانی لەنێوان ئەمریكا و میلیشیاكانی سەربە ئێران ھەوڵ بۆ ئەوە دەدات، یارییەكە بباتەوە و لەسەر دەسەڵات بمێنێت و حكوومەتەكەی بەڕێوەببات.

ئەو شارەزا سەربازییە پێی وایە كە سووربوونی حكوومەتی عێراق بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی ئەمریكا دەبێت و وتی: "سووربوونی حكوومەتی عێراق بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، نەك تەنھا پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەرەوە و ئەمریكا تێكدەدات ، بەڵكو پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانیش تێكدەدات".

وتیشی: "كێشەكە ئەوەیە، لایەنە شیعەكان كە لە ئەنجوومەنی زۆرێنەن ھەروەھا دامودەزگاكانی حكوومەتیش دژبە بوونی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەكار دەھێنن، لەلایەكی دیكەشەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دژی ئەمریكا كار دەكەن".

ئەو باسی لە مەترسی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق كرد و وتی: "ئەگەر لایەنە شیعەكان توانیان ئەو كارە بكەن و ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە، ئەوە كۆنترۆڵی عێراق لەدەست دەردەچێت و بەنھێنی و ئاشكرا دەكەوێتە دەستی ئەوان، ئەو كاتیش مەترسی لەسەر قەوارەی كورد دەبێت".

- پەیوەندی سەربازی، كاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا لە بوارە سیاسی و ئابوورییەكاندا نابێت

شارەزای سەربازی لە عێراق، موئەید جحێشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "وەك دەوڵەت و وەزارەتی بەرگریی و وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان، زۆر ئاساییە ڕاگەیەندراوێكی لەو جۆرە بڵاو بكاتەوە، چونكە پرسەكە پەیوەندیی بەو گفتوگۆكانی تایبەت بە وەستاندنی ھێرشەكانی نێوان ئەمریكا و گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە ھەیە، بۆیە ناكرێت لە لایەك گفتوگۆ بكرێت و لەلایەكی دیكەوە بۆردومان هەبێت".

وتیشی: "ڕایگەیاندراوەكە، سووربوونی زیاتری حكوومەتی عێراق بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دەردەخات، ئەوەش بە پاڵپشتی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان".

موئەید جحێشی پێیوایە كە پەیوەندیی سەربازی، كاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییەكانی بەغدا و واشنتۆن لە بوارە سیاسی و ئابوورییەكاندا، نابێت و وتی: "لەو باوەڕەدام، بەھیچ شێوەیەك لە داھاتوودا، پەیوەندی سەربازی، كاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا لە بوارە سیاسی و ئابوورییەكاندا، دروست ناكات، چونكە بوونی ھێزەكانی ئەمریكا بۆ ئەمساڵ و دوو ساڵ بەرلە ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵكو ئەوە ماوەی ٢٠ ساڵە ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراقن و بنكەی سەربازییان بۆ خۆیان دامەزراندووە، ئەوەی ئێستا ھەیە باسی لێوە دەكرێت كشانەوەی سەربازانی ئەمریكایە، نەك داخستنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا".

 

هه‌واڵی گرنگ