وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت: عێراقیەكان رۆژانە سێ ملیار دینار لە كڕینی جگەرە خەرج دەكەن، ئاماژە بەوەش دەدات، بە نزیكەیی نیوەی دانیشتووانی عێراق خەریكی كێشانی جگەرە و نێرگەلەو هاوشێوەكانین.
بەگوێرەی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق، رۆژانە نزیكەی 3 ملیار دینار لە كڕینی جۆرە جیاوازەكانی جگەرە و نێرگەلە لە عێراقدا خەرج دەكرێت، تەندروستیی عێراق ئاشكراشی كردووە: بە نزیكەیی نیوەی دانیشتووانی عێراق بەهۆی كێشانی جگەرە و نێرگەلەوە، بەدەست چەندین كێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن.
وەزارەتی تەندروستی باس لەوەش دەكات، زۆرینەی ئەو جۆرانەی جگەرە كە هاوردەی عێراق دەكرێن، هیچ جۆرە پشكنینێكییان بۆ ناكرێت، ئەمەش وایكردووە خراپترین جگەرەكان لە ڕووی كوالێتییەوە بەبێ هیچ چاودێرییەك لەلایەن حكومەتەوە هاوردە بكرێن.
ئەمە لە كاتێكدایە لەسەر ئاستی جیهان، لە هاوردەكردنی جگەرە و تووتن، عێراق لە پلەی چوارەمی جیهاندایە و لە دوای ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا دێت. بەهای ساڵانەی هاوردەكردنی جگەرە لە عێراق بە نزیكەی یەك ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و ژمارەی جگەرەكێشانیش لە نێوان 14 بۆ 15 ملیۆن كەس دایە.