جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق جێبەجێ بکات.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئێستا پێشکەوتنی باش لە توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەدیھاتووە، جگە لەوەش ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ مانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، نەکراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ھەروەھا موحسن مەندەلاوی داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە (18) بۆ ساڵی 2020 لەبارەی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق جێبەجێ بکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسن مەندەلاوی داواکارییەکی کە لەلایەن 100 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە واژووکراوە وەک پێشنیازە یاسایەک لەبارەی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، ئاراستەی لیژنەی یاسایی و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدا بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، دەست پێ بکەنەوە.
ڕۆژی 27ی مانگی کانوونی دووەم، بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی یەکەم کۆبوونەوەی گفتوگۆی نێوان لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا تایبەت بە کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، ئەنجامدرا.