چی دەزانی دەربارەی گەشكەی تا ؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چی دەزانی دەربارەی گەشكەی تا ؟

 

 

گەشكەی تا جۆرێكی سەلامەتی گەشكەیە كە لە كاتی هەبوونی تا لە منداڵان ڕوودەدات لە نێوان تەمەنی شەش مانگ بۆ شەش ساڵی كاتێك پلەی گەرمی لەشی دەگاتە سەروو (38) پلەی سیلیزی، زۆربەی جار خولەكێك بۆ دوو خولەك دەخایەنێت، هەندێ جاریش چەند چركەیەك یان چەند خولەكێك دەخایەنێت، كە تێیدا منداڵەكە هۆشی نامێنێت و پەلەكانی ڕەق دەبن و دەلەرزن، چاوی دەسوڕێت و دەم و چاوی سور یان شین دەبێتەوە.

كام منداڵ تووشی دەبێ ؟

نزیكەی (5%) ی ئەو منداڵانەی لە خوار (6) ساڵیەوەن بەهۆی تاوە تووشی گەشكە دەبن، زۆرینەی حاڵەتەكان لە نێوان ساڵێك بۆ دوو ساڵی ڕوودەدات و زیاتر لە نیوەیان تەنها یەكجار تووشی دەبن و ئەوانی تر لەوانەیە زیاتر لە جارێك تووشی ببن، زیاتر ئەوانە تووشی دەبن كە ئەندامێكی تری خێزانیان گەشكەی تای هەبووبێت.

ئایا مەترسیدارە ؟

ئەو جۆرەی گەشكە مەترسیدار نیەو هیچ زیانێك بە مێشك ناگەیەنێت و دوای گەشكەكە منداڵەكە بەتەواوی دەگەڕێتەوە بارودۆخی جارانی، بەڵام ڕێژەیەكی زۆر كەمیان لەوانەیە ببنە پەركەم (صرع)، بەتایبەتی ئەوانەی لە خانەوادەكانیان نەخۆشی پەركەم بوونی هەیە.

چۆن ڕێگری بكەین لە تووش بوون بە گەشكە ؟

كاتێ منداڵ تای لێیە نەهێڵی پلەی گەرمی لەشی زۆر بەرز بێتەوە بەبەكارهێنانی دەرمانی تا وە داكەندنی جلەكانی و ساردكردنەوەی لەشی منداڵەكە بەبەكارهێنانی پەڕۆی تەڕ.

ئەگەری دووبارە بوونەوەی گەشكەی تا هەیە ؟

زۆربەی جار هەر منداڵان یەكجار تووشی دەبن، بەڵام لەئەگەری بوونی تا (30 – 35%) منداڵان لەوانەیە بۆ دووەم جار تووشی ببن، بەتایبەتی ئەگەر یەكێكی تر لە خێزانەكە گەشكەی تای هەبو بێت وەك دایك و باوك یان خوشك و براكانی.

ئایا كوتان بۆ منداڵەكانمان بكەین ؟

بەڵێ منداڵان بكوترێن باشترە، دەگمەنە گەشكەی تا دوبارە بێتەوە دوای كوتانی منداڵ.

چی بكەین كاتێك منداڵێك گەشكە دەگرێ ؟

- ئارام بەو خۆت مەشڵەژێنە.

- نەیەڵی ڕێڕەوی هەناسەی بگیرێت بە پاكردنەوەی ناو دەم و دانانی منداڵەكە لەسەر لایەك و هیچ شتێكی پێ مەدەو هیچی مەخەرە ناو دەمی.

- هێنانە خوارەوەی تای منداڵەكەت بە خێرایی بەداكەندنی جلە زیادەكانی و بەكارهێنانی پەڕۆی تەڕی سارد، وە بەكارهێنانی دەرمانی تا كاتێك گەشكەكەی نەماو هۆشی هاتەوە.

- بردنی منداڵەكە بۆ نزیكترین بنكەی فریاكەوتن.

(د. سۆران سابیر عوسمان – پسپۆری نەخۆشییەكانی منداڵان)

 

هه‌واڵی گرنگ