ئاسایشی هەرێم: فەرمانی دەستگیركردن بۆ كوێخا دێرین دەركراوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئاسایشی هەرێم: فەرمانی دەستگیركردن بۆ كوێخا دێرین دەركراوە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارە وەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی

ئەمڕۆ دووشەممە 12ی شوباتی ساڵی 2024 دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیاند، پاش ئەوەی کاتژمێر 12:10 خولەکی شەوی 29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتی "ئەحمەد کامیل فەقێ" سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا، دوای ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ووردی هێزەکانمان دەستپێکرد، سەرئەنجام لە رۆژی 30ـی 1ـی 2024، بەپێی مادەی 405 - 31ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر "ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی" دەستگیرکرا.

‏‎ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای ( دێرین ئەحمەد محەمەد) ناسراوە بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە.

‏‎ئاماژە بەوەشكراوە، پاشان رۆژی 5ـی 2ـی 2024، تۆمەتبار ئومێد کەمال کە هاوکاری کردووە دەستگیرکرا.

‏‎لە راگەیاندراوەكە هاتووە، ئێستا، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بە پێی مادەی 405 - 31ـی لە یاسای سزادانی عیراقی کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی .

ئاسایش ئەوەش دەڵێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.

 

هه‌واڵی گرنگ