ئەردۆغان: "ئیدارەی ناتانیاهو کە ڕێچکەی هیتلەری گرتووە، هەر ڕۆژەی هێڵێکی سوور دەبەزێنێت"
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەردۆغان: "ئیدارەی ناتانیاهو کە ڕێچکەی هیتلەری گرتووە، هەر ڕۆژەی هێڵێکی سوور دەبەزێنێت"

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە قۆناغی داهاتوودا بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەرنامەی ئابوورییمان لە بوارەکاندا بەدی دەکەین، بە تایبەت هەڵئاوسان".

سەرکۆمار ئەردۆغان لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، وتارێکی پێشکەش کرد.

سەرکۆمار، ئاماژەی بەوە کرد کە دووەمین کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت لە ساڵی نوێدا سەرلەنوێ لە ڕۆژەڤێکی چڕ بەڕێوەچووە و، تیایدا بابەتێکی زۆری هەستیار تاوتوێ کراوە، بەتایبەتی ئابووریی، پەروەردە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سیاسەتی دەرەوە.

ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە چەند مانگی داهاتوودا چوار پڕۆژەی جیاواز کە ڕێگەیەکی ئاسنین بە درێژایی ٣٤ کیلۆمەتر و ١٨ وێستگە لە خۆدەگرێت، لە ئیستانبوڵ جێبەجێ دەکەن.

گوتیشی: "لە قۆناغی داهاتوودا بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەرنامەی ئابوورییمان لە بوارەکاندا بەدی دەکەین، بە تایبەت هەڵئاوسان".

لە بارەی هەڵبژاردنەکانی ئیدارەی ناوخۆیی وڵات، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "سەرلەنوێ ئاواتی ئەو کەسانە لەباردەبەین کە خەون بەوەوە دەبینن هەڵبژاردنەکانی ئیدارەی ناوخۆیی بکەنە ئامڕازی خلیسکان و کەوتنی وڵاتەکەمان".

سەبارەت بە گفتوگۆکان لە بارەی پرسی فڕۆکەی جەنگی F-16، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین بەوەى داواکارییەکانمان لە بارەی F-16 کە ماوەیەکە لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەی دەبەین، دەرەنجامی ئەرێنییان هەیە".

سەرکۆمار ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان ڕایگەیاند: "لەناوبردنی تیرۆر گرنگە بۆ پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە لەگەڵ عێراق جێبەجێی دەکەین".

ڕاشیگەیاند: "ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی لە هەر شوێنێک بن هەر لەو شوێنە سەریان پان دەکەینەوە و لەو ئاراستەیەشدا هەموو ژێرخانەکانیان لەناو دەبەین".

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە و ڕایگەیاند: "لە مانگەکانی هاویندا پێگەکانمان لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ بە شێوەیەکی بەرچاو تەواو دەکەین، بەم شێوەیەش دەتوانین ڕێوشوێنی زۆر کاریگەرتر بگرینەبەر".

سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "هۆکاری بێ باکی ئیسرائیل لەو هێرشانە، سیاسەتی دوو ڕوویی ڕۆژئاوایە".

ڕاشیگەیاند: "لە کاتێکدا ڕۆژئاواییەکان لەبەردەم دۆخەکەدا داوای میانەڕۆیی لە ئیسرائیل دەکەن، بە بیانووی بوونی حەماس چاوی خۆیان لە کۆمەڵکوژییەکانی ناتانیاهو داپۆشیوە".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو ئیدارەی ناتانیاهو کە ڕێچکەی هیتلەری گرتووە، لەو سیاسەتی دڕەندەیی و کۆمەڵکوژییەی لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە پەیڕەوی دەکات، هەر ڕۆژەی هێڵێکی سوور دەبەزێنێت.

 

هه‌واڵی گرنگ