یەکێتی و پارتی پێشنیازێكى بەرەی تورکمانی بۆ ئیدارەدانی کەرکوک بەشێوەی خولیی ڕەتدەکەنەوە و بەرپرسێکی بەرەی تورکمانیش لەشاری کەرکوک ڕایگەیاندوە، لایەنی کوردی پێشنیازی بەرەکەیانی بۆ ئیدارەدانی هاوبەش و بەڕێوەبردنی پۆستەکانی پارێزگاکە بەشیوەی خولیی لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکە ڕەتکردۆتەوە.
قەحتان وەنداوی جێگری سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانیی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، تورکمان پێشنیازیکردوە ئیدارەدانی پارێزگای کەرکوک بەشێوەی خولیی لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی پارێزگاکە (کوردو عەرەب و تورکمان) بێت، بەڵام کورد ئەو پێشنیازەیان ڕەتکردۆتەوە و ئاستەنگیان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستە جێبەجێکارییەکان دروستکردوە.
هەروەک وتویەتی:"لایەنی کوردی هەموو ڕێککەوتنێکی عەرەبی-تورکمانی بۆ کاندیدکردنی کەسایەتییەکی عەرەبی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕەتدەکەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، دانوستانەکانیان لەبارەی پێشنیازێکەوە بەردەوامن کە بەگوێرهى ئەوە بۆ ماوەی دوو ساڵی یەکەم پۆستی پارێزگار لای کەسایەتییەکی عەرەب بێتو دواتر پۆستەکە ڕادەستی تورکمانێک بکرێت.