سەرۆكی داواكاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ھۆشداریدا و ڕایدەگەیەنێت: ئەوانەی پابەندی یاسا نین، پێویستە كاتێك دادگا دەستی بە جووڵە كرد سكاڵا نەكەن.
كەریم ئەحمەد خان سەرۆكی داواكاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڵاویكردەوە: زۆر نیگەرانم لەو بۆردومانانەی كە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ڕەفەح ئەنجامدەدات و ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی سەر شارەكەش ھەیە .
ئەوەیشی خستەڕوو كە نووسینگەی داواكاری گشتیی لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو تاوانانەی لە فەڵەستین كراون وەك بابەتێكی زۆر بە پەلە بەڕێوەدەبات و ئامانجی ئەوەیە بەرپرسان ڕاپێچی بەردەم دادگا بكات.
خان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە جەنگیش یاسای خۆی هەیە و ڕایگەیاند: "ئەو یاسایەی لە شەڕ و پێكدادانە چەكدارییەكاندا كاری پێدەكرێت، ناتوانرێت بە بەتاڵ و بێ مانا لێك بدرێتەوە، دەیانجار جەختم لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەوانەی پابەندی یاسا نین، پێویستە كاتێك دادگا دەستی بە جووڵە كرد سكاڵا نەكەن".