جه‌مال كۆچه‌ر: ئیتر نابێت به‌غدا پاره‌ بە قەرز بۆ هه‌رێم بنێرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

جه‌مال كۆچه‌ر: ئیتر نابێت به‌غدا پاره‌ بە قەرز بۆ هه‌رێم بنێرێت

 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت،ئیتر نابێت به‌غدا به‌ قه‌رز پاره‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەمال کۆچەر، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند : "کۆتا بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، ھەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و دامەز‌راوەکانی ھەرێمی کوردستان و نابێت دوا بکەوێت یان نەدرێت یان زیاتر لە مانگێک مووچە نەدرێت، بەڵکو دەبێت دوور بێت لە ململانێی سیاسی، ھەروەھا دەبێت بە کارتی ئەلیکتڕۆنی و لە رێگای بانکەوە مووچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بکرێت، بڕیارەکانی دادگای فێدڕاڵی نابێت تانەیان لێبدرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێشتر پابەند بووە بە زۆربەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدڕاڵی وەکو بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ھەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان".

 

 

جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەش كرد،بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق دژی ھیچ لایەنێک دەرناچێت دەشڵێت: "چەندینجار سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەم دادگایە سکاڵای کردووە، کەچی سکاڵاکە لەبەرژەوەندی ئەو یەکلایی نەکراوەتەوە، ھەروەها چەندین کەس سکاڵایان لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکردووە و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی سوودانی دا دەرنەچووە".

 

ناوبراو  سەبارەت ھەمواری یاسای بوودجە بۆ ئاژانسی ئانادۆلو ئەوەشی خستەروو: "لە ئێستادا ھەمواری یاسای بوودجە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقە و چاوەڕێ دەکرێت ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و دواتر بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی پێبدرێت، ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە، دوو پرسە، یەکەمیان خەرجی مووچەی فەرمانبەران لە بوودجەدا لەچوارچێوەی خەرجی ڕاستەقینەی عێراق بھێنرێتە دەرەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە، ئەمەش بۆ بەدوورگرتنی مووچەی فەرمانبەران لە ھەر ھەڵبەز و دابەزێکی پشکی ھەرێم لەچوارچێوەی یاسای بوودجەدا و کۆتا بڕیاری دادگای فێدڕاڵیش بۆ ئەم پرسە ھاوکار دەبێت، هەروەها بابەتی دووەم بریتییە لە ھەموارکردنەوەی نرخی تێچووی دەرھێنانی یەک بەرمیل نەوت کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە ٩ دۆلار لە بوودجەدا دیاریکراوە، لە هەموارەکەدا پێشنیاز کراوە بۆ ٢١ تا ٢٢ دۆلار بەرز بکرێتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر بەڵێنی داوە کە ئەم کێشانە چارەسەر بکات، ئێمەش لەو بڕوایەداین کە لە کاتی گەیشتی بۆ پەرلەمانی عێراق، ھەموارەکان بە ئاسانی تێپەڕن".

ڕۆژی ٢١ی شوبات، دادگای باڵای فیدڕالی عێراق لەسەر سكاڵایەكی یەكگرتوو لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەند بڕیارێکی دەركرد کە بریتیی بوو لەوەی کە دەبێت بە پێی ماددەی ١١٦ و ١١٧ دەستووری عێراق، داھات و سامانی گشتیی، بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی لەنێوان گەلانی عێراق دابەش بکرێت و نابێت ستەم لە ھیچ کەسێک بکرێت. ھەروەھا دەبێت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ