شارستانیەتی ئیسلامی ... ئەمڕۆ یادی لەدایك بوونی حەسەنی بەسرییە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شارستانیەتی ئیسلامی ... ئەمڕۆ یادی لەدایك بوونی حەسەنی بەسرییە

 

 

لەرۆژێكی وەكو ئەمڕۆو لە ساڵی (642) ی میلادی، یەكێك لە گەورە زانایانی ئیسلامی، كە ئەویش (حەسەنی بەسری) یە لەدایك بوو، ئەو شەرەفی ئەوەی پێنەبڕا كە پێغەمبەری سەردارمان (صلی الله علیه وسلم) ببینێت.

ناوی تەواوی (حەسەنی كوڕی ئەبو حەسەن) ە، نازناوی (ئەبو سەعید) ی هەیە، لە ساڵی (22) ی كۆچیدا لەدایك بووەو یەكێك بووە لە تابیعەكان.

(حەسەنی بەسری) لەكاتی خەلافەتی هاوەڵی بەڕێز، (عومەری كوڕی خەتتاب) لەدایك بووە، كاتێك (ئوم سەلەمە) ی هاوسەری پێغەمبەری سەردارمان (صلی الله علیه وسلم) بەم هەواڵەی زانی، هەواڵی نارد بۆ ماڵی دایكی منداڵەكە كە لەو كاتەدا لە حاڵەتی نیفاسدا بوو، خودای گەورە خۆشەویستی ئەم منداڵەی خستە دڵی (ئوم سەلەمە) وە، بۆیە كاتێك دایكی (حەسەنی بەسری) دەچووە دەرەوە یان كارێكی هەبوو، لەلای (ئوم سەلەمە) منداڵەكەی بەجێدەهێشت، ئەویش شیری دەدایە، ئیتر ئەم منداڵە تێر شیری دایكی ئیمانداران (ڕ.خ) ی دەخوارد بووە منداڵی شیری.

(حەسەنی بەسری) لە ماڵی خێزانەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) گەورە بوو، بۆیە تەنها كاتی لە لای (ئوم سەلەمە) بەسەر نەدەبرد، بەڵكو لە ماڵی هەموو دایكی ئیمانداراندا بووە، (حەسەنی بەسری) خۆی دەیگێڕێتەوە كە لە ماڵی ئەواندا یاری دەكردو بازی دەداو دەستی دەدا لە سەقفی ماڵەكان، بەم جۆرە (حەسەنی بەسری) لە خێزانەكانی پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وسلم) ڕەوشتە باشەكان و پەیامی وەرگرت، بەم شێوەیە هەندێك لە حیكمەتی وەرگرت و زمانی حیكمەتی لەسەر بوو.

(حەسەنی بەسری) لە مەدینەدا گەورە بوو، لە ماڵەكانی دایكانی ئیمانداراندا دەژیا، هەروەها لە هاوەڵانەوە زانست و ئەدەبی وەرگرت، ڕەوشتی جوان بوو ناوی لە نێو ناوی ئازاو شكۆمەندان بوو، ئەو چاوی لە پارە نەبوو، بەڵكو ژیانی بۆ زانست و فێركردن تەرخان كردبوو، (قەتادەی كوڕی حەسەنی بەسری) دەگێڕێتەوە كە باوكی زاناترین كەس بووە دەربارەی حەرام و حەڵال لەو سەردەمەدا، هەروەها كەسێكی سینە فراوان بووەو تەنها خۆشەویستی خوداو پێغەمبەرەكەیی و ئاشتی لە دڵدا بووە، لە ماڵەكەیدا نە جێگەی خەوی لێ بووەو نە بەڕە، ئەوەی گرنگ بووە بە لایەوە زانست و فێركردن و بڵاوكردنەوەی ئاین و ئیسلام و دروستكردنی ئەڵقەی زانستی بووە لە مزگەوتەكاندا.

هاوڕێكانی (حەسەنی بەسری) دەگێڕنەوە كە پیاوێكی قۆزی ڕەوشت جوان بووە، سەرنجڕاكێش بووە بۆ خەڵكی و كەم و كوڕی نەبووە، دەگێڕنەوە كە قۆزترین و بە هەیبەتترین كەسی بەسرە بووە لەو سەردەمەدا، ئەوەی كە سیفەتی هەیبەت و جوانی ببەخشێت بە پیاو لەودا هەبووە، ئەسمەعی دەربارەی باوكی دەڵێت: هیچ كەسێكم نەبینیوە ئەوەندەی ئەو باسكی پان و فراوان بێت، باسكی دەگەیشتە بستێك.

(حەسەنی بەسری) لەسەر ئازایەتی پەروەردە بووەو هاوڕێیەتی ئازایانی كردووە، لە پاڵ ئەمەشدا زۆر بەتوانا بووەو زۆر هەوڵدەر بووە لەپێناو خودادا.

هەروەها زمانپاراوترین كەسی سەردەمەكەی بووە، تەنانەت لە حەجاج زمانپاراوتر بووە، تەنانەت حەجاجیش شایەتی ئەمەی بۆ داوە.

دنیا نەویستی وەك ئەوە نییە كە خەڵك بیری لێدەكەنەوە، جل و بەرگی خراپ و لاشەیەكی لاواز، بەڵكو دنیا نەویستی ئەو ئەوە بوو كە دنیا لە ناو دەستیدا بوو نەك لەناو دڵی، ئەو خۆی جوان دەكردو خەنەی دەدا لە ڕیشی، جل و بەرگی هەمیشە جوان بووەو خواردنی باشی خواردووە، هەمیشە بۆنی خۆشی لێوە هاتووەو ماڵەكەشی بۆنی خواردنی خۆش و باشی لێوە هاتووە.

لەخودای گەورە ترساوەو زۆر بەڕۆژوو بووە، بۆیە ڕۆژانی دووشەممەو پێنجشەمەو مانگە حەرامەكان بەڕۆژوو دەبوو، زۆر لە ترسی خودا دەگریا، زۆر خەمی دواڕۆژی بوو زۆریش هیوای بە بەهەشت هەبوو، (یەزیدی كوڕی حەوشەب) دەڵێت، كەسی نەدیوە هێندەی حەسەن و عومەری كوڕی عەبدولعەزیز دڵتەنگ بن دەربارەی ئاگر، وەكو ئەوە وابوون كە ئاگر بۆ ئەوان دروستكرابێت.

(حەسەنی بەسری) پێگەیەكی بەرزی هەیە كە تەنها كەسی نەزان لە قەدری كەم دەكاتەوە، خەڵكی جیهان زۆر وەسفی دەكەن، (ئەبو نوعێم) لە كتێبێكیدا دەڵێت: هەیە هاوپەیمانی ترس و دڵتەنگییە، لەگەڵ خەمخۆریدا ئاوێتەیە، كەم خەوو ماندو نەناس، ئەبو سەعید حەسەنی كوڕی ئەبی حەسەن) فیقهزان و زاهید، خودا ناس و بەندە، دوور بوو لە جوانییەكانی دنیا، ویست و ئارەزووی نەفسیشی لەپێنابوو، كاتێك (عەبدولـمەلیكی كوڕی سەلەمەی خالیدی كوڕی سەفوانی) بینی پرسیاری دەربارەی (حەسەنی بەسری) لێكرد، خالید وتی: كەسێكە كە هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوا كارە ئاشكراو نهێنییەكانی، هەڵسوكەوتی درۆینەی نییەو موجامەلە ناكات لە كاتی قسەكردنداو درۆش لە زمانی نابیستی، عەبدولـمەلیك وتی: بەسە، گەلێك كە پیاوی وای تیابێت چۆن گومڕا دەبن.

زەهەبی لە كتێبەكەیدا: (سیر اعلام النبلا‌ء) دەڵێت، (حەسەنی بەسری) زاناترین كەسی سەردەمەكەی بووە، (ئەبو قەتادە) ش دەڵێت: كەسم نەبینیوە بیرو ڕاكانی هێندەی (حەسەنی بەسری) لە عومەر نزیك بێت، مەبەستی لە (عومەری كوڕی خەتاب) ە، هاوەڵان شایەتی زۆر باشیان بۆ دەدا لەبەر ئەو زانستەی كە هەیەتی و ئەو حەدیسانەی كە دەیگێڕانەوە، بۆیە (حەسەنی بەسری) خاوەن هەیبەت و شكۆمەند بوو لەناو گەلەكەیدا، هاوەڵە گەورەو بەڕێزەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خۆشیان دەویست.

(حەسەنی بەسری) زانستە زۆرەكەی لە زۆر سەرچاوەوە لە هاوەڵەكان وەرگرت، دیارترینیان : (عەبدولڵای كوڕی عەباس، ئەنەسی كوڕی مالیك، جابری كوڕی عەبدولڵا، سەمرەی كوڕی جوندب، ئەبوبەكری سەقەفی، عیمرانی كوڕی حەسین، نوعمانی كوڕی بەشیر، موغیرەی كوڕی شوعبە، عەمری كوڕی تەغلەب، موعەقەلی كوڕی یەسار).

(حەسەنی بەسری) كتێبێكی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە كە بریتییە لە (باشییەكانی خەڵكی مەككەو نیشتەجێبوون تیایدا).

(حەسەنی بەسری) كۆمەڵە وەسیەتێكی هەیە كە پڕن لە حیكمەت، لە دیارترینیان :

- خراپترین هاوڕێ دینارو درهەمن، كە جێتدێڵن هیچ سوودێكیان نییە بۆت.

- ئەو كەسەی دەزانێت كە مردن لە ڕێیەتی، قیامەت مەوعیدیەتی، وەستانیش لە بەردەم خودادا سیمایەتی، حەقە كە دڵتەنگبوونی زۆر بێت.

- ئەی نەوەی ئادەم، كارەكانت، كارەكانت، كارەكانت گۆشت و خوێنتن، دە ئاگادار بە كارەكانت بە چی پڕ دەكەیتەوە.

- ئەهلی لەخواترسان چەند نیشانەیەكیان هەیە پێی دەناسرێنەوە ڕاستگۆیی لە قسەدا، وەفاداری لە پەیماندا، بەهێزی لە سیلەی ڕەحمدا، بەزەیی بۆ لاوازەكان، شانازی نەكردن و لەخۆبایی نەبوون، كاری باش، كەمی خۆ هەڵكێشان بۆ خەڵك، ڕەوشت جوانی، سینە فراوانی لەو كارانەی لە خودای گەورەت نزیك دەكاتەوە.

- ئەی نەوەی ئادەم، ئاینەكەت ئاینەكەت، ئاینەكەت گۆشت و خوێنتە، ئەگەر ئاینەكەت سەلامەت بێت گۆشت و خوێنت سەلامەتن، ئەگەر وا نەبێت پەنا دەگرین بە خودا، ئەوە ئاگرێكی بەتین، برینێكی ساڕێژ نەبوو، ئەشكەنجەیەكی بێ كۆتا، نەفسێكی نەمر بۆ گۆشت و خوێنت.

لە ژیانی حەسەنی بەسریدا چەندین هەڵوێست هەبوون، لەوانە :

هەڵوێستی بەرامبەر (حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی) ...

(حەسەنی بەسری) شاهێدی كارەساتەكانی حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی بووە، جارێكیان كۆمەڵێك هاتن بۆ لای حەسەنی بەسڕی ڕاوێژیان پێدەكرد دەربارەی هەستانەوە بە ڕووی حەجاجدا، حەسەنی بەسری پێی گوتن بەرامبەری مەبنەوە، ئەوانیش تاوان و لادان و خوێنڕێژییەكانی حەجاجیان بیرهێنایەوە، ئەویش وتی: ئەگەر حەجاج سزایەكی خودای گەورە بێت بۆ خەڵكی، ئەوا ئێوە بە شمشێر ناتوانن ڕووبەڕووی سزای خودا ببنەوە، ئەگەریش بەڵایەك بێت لە لایەن خوداوە، كەواتە سەبرتان هەبێت لەسەر ئەم بەڵایە هەتا خودا دادوەری خۆی دەنوێنێت لە نێوانتانداو خوداش باشترین دادوەرە، كۆمەڵەكە بەگوێی حەجاجیان نەكردو ڕووبەڕووی حەجاج بوونەوەو هەموویان كوژران.

كاتێك (عومەری كوڕی هەبیرە) دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست، ناردی بە شوێن (حەسەنی بەسری) یدا بۆ ئەوەی ڕاوێژی پێبكات دەربارەی هەندێ كار، ئەمە بەڵگەیە لەسەر پێگە گەورەكەی ئەو پیاوە لە لای دەسەڵاتداران، (عومەری كوڕی هەبیرە) پێی گوت كە (یەزیدی كوڕی عەبدولـمەلیك) كۆمەڵێك فەرمانی پێ كردووە، بەڵام ئەگەر ئەم جێبەجێ بكات ئەوە ئاینی لەناودەچێت و خۆی دەدۆڕێنێت، كەواتە چی بكات ؟ حەسەنی بەسری زمانپاراویی و بەڵگە زۆرەكانی بەكارهێنا بۆ ئەوەی قەناعەتی پێبكات دەربارەی جێبەجێنەكردن و خۆدزینەوەی لەم فەرمانانە.

پێی گوت: كاتێك پادشای زاڵم ئەمری خراپت پێدەكات، بیر لەو قەبرە تەنگەت بكەرەوە كە لە كۆشكە فراوان و گەورەكەتی بۆ جێدەهێڵیت، ئەوكات یەزید نە دەتوانێ ڕزگارت بكات و نە شەفاعەتت بۆ دەكات، هەروەها یەزید لەو ئاگرە ناتپارێزێ لەو ئاگرو ئەشكەنجەیەی خودا بۆ ستەمكارانی داناوە، تۆ هەرچەندە ڕوو بكەیتە ئەم دنیایەو بەرەو ڕووی بڕۆیت ئەو لێت ڕادەكات، بەڵام پشتی تێكە خودای گەورە دەتداتێ، چەند قەومت بیستووە هەرچەندە پشتیان لە دونیا كردبێ خودا ئاسان و بەرجەستەی كردووە بۆیان.

ئیدی عومەر دەستی بەگریان كردو ئامۆژگارییەكەی حەسەنی بەسری وەرگرت.

(حەسەنی بەسری) لە ساڵی (110) ی كۆچیدا وەفاتی كرد، ئەمەش لە كاتی خۆرئاوابوونی ڕۆژێكی پێنجشەممەدا بوو، كاتێك لە مردن نزیك بوبوویەوە بورایەوەو كەسوكاری بەخەبەریان هێنایەوە، پێی وتن: من لە ناو بەهەشتێكی خۆش و شوێنێكی شكۆمەند بووم، ئێوە بەخەبەرتان هێنامەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ