ئەمڕۆ یادی لەدایك بوونی عومەری كوڕی عەبدولعەزیزە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمڕۆ یادی لەدایك بوونی عومەری كوڕی عەبدولعەزیزە

 

 

عومەری كوڕی عەبدولعەزیز لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆو لە ساڵی (681) ی میلادی لەشاری مەددینە لەدایك بووە، بەهۆی ژەهرخوارددانی لە ساڵی (720) ی میلادی لەناوچەی شام كۆچی دوایی كردووە.

عومەری كوڕی عەبدولعەزیز هەشتەمین جێنشینی ئومەوییەكانەو بەهۆی دادپەروەرییەكەیەوە لەلایەن پەیڕەوانی ڕێبازی سوننەو مێژوونووسانەوە بە پێنجەمین تەواوكەری خەلیفەكانی ڕاشیدین دادەنرێت.

دادپەروەری و ڕاستگۆیی دوو تایبەتمەندین كە عومەری كوڕی عەبدولعەزیزی پێدەناسرێتەوە، كەسێكی سادە بووەو هەرگیز ستەم و زۆرداری كەسی لەلا پەسەند نەبووە، بۆیە موسڵمانان سەردەمی دەسەڵاتی ئەویان بەهاوشێوەی سەردەمی دەسەڵاتی عومەری كوڕی خەتتاب چواندووەو بە عومەری دووەم ناسراوە.

ناوی تەواوی (عومەری كوڕی عەبدولعەزیزی كوڕی مەڕوانی كوڕی حەكەم) ە، باوكی كە (عەبدولعەزیزی كوڕی مەڕوانەو باپیرەی مەڕوانی كوڕی حەكەم) ە لە جێنشینە ناودارەكانی سەردەمی ئومەوییەكانن، ڕەچەڵەكی دایكی دەگەڕێتەوە بۆ سەر عومەری كوڕی خەتتاب.

عومەری كوڕی عەبدولعەزیز لە شاری مەدینە لە ساڵی (61) ی كۆچی لەدایكبووەو لە خێزانێكی خانەدان گەورە بووە، باوك و باپیرو مامیشی لە خەلیفە ناودارەكانی ئومەوییەكان بوونەو باوكی والی وڵاتی میسر بووە، عومەر لە مەدینە پەروەردەكراوەو زانستی شەرعی و زانستەكانی قورئانی لەلایەن چەند هاوەڵێك لەگەڵ خاڵوانی لە ڕەچەڵەكی عومەری كوڕی خەتتاب وەرگرتووە نموونەی ساڵحی كوڕی كیسان.

ئەزموونی دەسەڵاتی وەكوو والی مەدینە ...

لە سەردەمی دەسەڵاتی وەلیدی كوڕی عەبدولـمەلیك لە ساڵی (87) ی كۆچی وەكوو والی مەدینە لەلایەن ئەو خەلیفەیەوە هەڵبژێردرا، دواتر دەسەڵاتەكەی فراوان بوو ناوچەی تائیفیشی گرتەوە، پاشان بەهۆی لێهاتووییەوە لە ساڵی (91) ی كۆچی كرا بە بەرپرس و والی هەموو ناوچەی حیجاز، لە سەردەمی دەسەڵاتی ناوچەكانی ژێردەستی سەقامگیرو ئارام بووە.

دەسەڵاتی لە سەردەمی سولەیمانی كوڕی عەبدولـمەلیك ...

سولەیمانی كوڕی عەبدولـمەلیك وەكوو حەوتەم جێنشینی ئومەوییەكان بە تواناو لێهاتووییەكانی عومەر سەرسام بووە، بۆیە لە حیجازەوە گواستییەوە بۆ دیمەشق و كردی بە ڕاوێژكاری تایبەتی خۆی، بۆ هەر بڕیارێك پرس و ڕاوێژی پێی دەكرد و تا كۆتایی دەسەڵاتەكەی عومەر نزیكترین ڕاوێژكاری بووە.

وەرگرتنی دەسەڵات وەكوو جێنشینی ئومەوییەكان ...

لە دوای كۆچی دوایی سولەیمانی كوڕی عەبدولـمەلیك، لە ساڵی (99) ی كۆچی بە كۆدەنگی دانیشتووان لە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق بە فەرمی وەكوو هەشتەمین جێنشینی ئومەوییەكان هەڵبژێردرا.

ماوەی دەسەڵاتی كورتخایەن بوو تەنها دوو ساڵ و پێنج مانگی خایاند، بەڵام ناوچە ئیسلامییەكان لە سەردەمی دەسەڵاتی بووژانەوەو دادپەروەری و یەكسانی لە هەموو بوارەكانی حكومەتەكەی پەیڕەو دەكرا.

گرنگترین كارەكانی لە سەردەمی دەسەڵاتی ...

بڵاوبوونەوەی دادپەروەری و ئاساییش و كەمبوونەوەی ستەم و زۆرداری لە هەموو بوارەكاندا.

دووبارە گێڕانەوە و كاركردردنەوە بە بنەمای شوورا.

وەستاندنی جەنگ لەنێوان وڵاتانی هاوسنووری ناوچەكان.

بنیاتنانی شەقام و ڕێڕەو لە نێوان شارە سەرەكییەكانی وەكوو دیمەشق، حەلەب، حومس و شارە ئیسلامییەكانی تر.

یەكەم جێنشینی ئومەوییەكان بوو كە بەخشش و سامانی بەرپرس و والی و شاعیرەكانی ئەو سەردەمەی سنووردار كردو گەڕاندییەوە سەر خەزێنەی موسڵمانان.

گرنگی بە زانستی شەرعی داوەو فەرمانی بە نووسینەوەو تۆماركردنی فەرموودەكانی پێغەمبەری سەردار (صلی الله علیه وسلم) كردووە.

كۆچی دوایی ...

عومەری كوڕی عەبدولعەزیز لە ساڵی (101) ی كۆچی بەهۆی ژەهرخواردكردنی و كاریگەری ژەهرەوە كۆچی دوایی كردووە، لە ناوچەیەك لە نزیك شاری حەلەبی سووریا نێژراوە.

چەند گێڕانەوەیەك هەیە لەسەر كۆچی دوایی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز، ڕاستترینیان بریتییە لەوەی كە لەلایەن كەسێكەوە لەسەر ڕاسپاردەی چەند بەرپرسێكی ئومەوییەكانی خۆیان ژەهرخوارد كراوە، چەند هۆزو بەرپرسێكی دیاری نێو ئومەوییەكان بەخشش و سامانیان لەلایەن عومەرەوە سنووردار كراو سامانەكانیانی گێڕایەوە بۆسەر خەزێنەی موسڵمانان، بەوهۆیەوە ئەوانیش كەسێكیان ڕاسپارد كە عومەر ژەهر خوارد بكات، دوای ژەهرخواردكردنی چەند ڕۆژێك مایەوە دواتر بەهۆی كاریگەری ژەهرەكەوە كۆچی دوایی كردووە.

 

هه‌واڵی گرنگ