تەمەنی شارستانییەتی مرۆڤ زیاترە لە (7) هەزار ساڵ، بەڵام تەنها لە میانەی دوو سەدەی ڕابردوودا، پوختەی بیرو وردەكاری شارستانییەتی نوێی مرۆڤایەتی تێدا دەركەوت بە تایبەتی لەگەڵ هاتنە كایەی شۆرشی پیشەسازی لە چەند وڵاتێكی ئەوروپیدا، بەڵام كلیلی سەرەكی فراوان و بەرەوپێش چوونی ئەم شۆڕشە، لە ڕێگەی داهێنان و خستنەكاری چوار ئامرازی سەرەكین:
1. ئامێرو بزوێنەری هەڵمی.
2. بزوێنەرەكانی چوارو دوو قۆناغی.
3. دۆزینەوەی ووزەی كارەبا.
4. دۆزینەوەو داهێنان و گەشەپێكردنی ئامرازو زانستی نیمچە ڕێبەرەكان.
كارەبا چییە ؟
لە میانەی ئەم دەقە هەوڵ دەدەین لایەنە پراكتیكییەكانی ووزەی كارەبا دەربخەین، تا خوێنەر لە گۆشەیەكی پراكتیكەوە سەیری ئەم بابەتانە بكات.
دیاردەكانی ووزەی كارەبا ناسراو هەستپێكراو بوون، هەر لەسەردەمی سۆمەرییەكان و فیرعەونییەكانەوە.
دەبێ ئەم ڕاستییە بزانین كە كارەبا كەس داینەهێناوە خوای پەروەردگار لەمیانەی دیاردە سروشتییەكانی فیزیایی و كیمیایی لە ژینگەی سەر زەوی دایناوە، كارەبا تائێستا تیۆرییەكە وەك مەتەڵێك ماوەو مشتومڕی لە سەرە!
تیوری ئیلكترۆن یان ئەتۆم، وەك وردترین و سەرەتایی ترین بیرۆكەیە بۆ ناسین و دانانی یاساكان بەكارخستنی كارەبایە (Atomic Theory).
وزەی كارەبا لە زۆر شوێن بوونی هەیەو لە جەستەی مرۆڤدا كارێكی سەرەكی بۆ ژیانی دەگێڕێت، زاناكان توانیویانە لە ڕێی وزەی میكانیكی و لە ڕیگەی كارلێكی كیمیاییەوە كارەبا بەدەستی بهێنن وەك وزەو لەمیانەی چەند دەیەی ڕابردوودا توانیان لە ڕێی چەند سەرچاوەیەكی سروشتیدا وەك خۆرو با بەرهەمی بهێنن.
گۆڤاری زانستی ئۆزۆن