شارستانییەتی ئیسلامی ... ئەمڕۆ یادی لەدایك بوونی ئەبو حەنیفەیە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شارستانییەتی ئیسلامی ... ئەمڕۆ یادی لەدایك بوونی ئەبو حەنیفەیە

 

 

لەرۆژێكی وەكو ئەمڕۆو لە ساڵی (88) ی كۆچی، كەبەرامبەرە بە (699) ی میلادی گەورە زانای ئیسلامی (ئەبو حەنیفە) لەدایك بوو، ئەو یەكێكە لەسەر دەستەی چوار مەزهەبەكە.

ئەبو حەنیفە ناوی (نوعمانی كوڕی سابت) ە، بەڕەچەڵەك فارسە، واتە فارسەكان سەدان ‌و هەزاران زانای گەورەی ئەهلی سوننەیان هەبووە، ئەوەش فەزڵێكی خوایە كە لەهەموو نەتەوەكاندا زاناو سەركردەی موسڵمان هەبوون تا فەزڵ‌ و گەورەیی ئیسلام بەر هەموو نەتەوەكان بكەوێت.

ماڵی باوباپیرانی ئەبو حەنیفە لەئەفغانستان بوون لە كابوڵی ئێستا، بەڵام باپیرەی لەسەردەمی ئیمامی عومەردا موسڵمان بوو، هات لەكوفە نیشتەجێ بوو.

ئەبو حەنیفە لەكوفە لەدایك بوو، بنەماڵەكەی خواناس و ڕوو لە دین بوون، هەروەها باوكێكی دەوڵەمەندو زۆر بەخشندەی هەبوو، ئەبو حەنیفەش تاقانەی باوكی بوو، ئیتر باوكی هێندەی تر گرنگی پێدەداو نازی دەكێشا، باوكی لە كوفەدا دووكانی جلوبەرگی هەبوو، دواتریش ئەو دووكانە مایەوە بۆ ئەبو حەنیفە.

فێربوون و پێگەشتنی ...

ئەبو حەنیفە هەر لە منداڵییەوە دەستیكرد بەلەبەركردنی قورئانی پیرۆز، رۆژانەش لەگەڵ باوكیدا دەچوو بۆ دووكان تا هاوكاری باوكی بكات، چونكە ئەو لەناڕەحەتی و ماندووبوونی باوكی تێدەگەیشت، باوكیشی حەزی دەكرد ئەبو حەنیفەی كوڕی فێری ئیش بێت تا لە داهاتوودا بتوانێت خۆی بژێوی خۆی دابین بكات.

رۆژێك ئەبو حەنیفە بەلای یەكێك لەزاناكاندا رۆشت كەناوی شەعبی بوو، ئیمامی شەعبی ئەبو حەنیفەی بانگ كردو پێیوت بۆ كوێ دەچیت ؟ وتی : دەچم بۆ دوكانی فڵانە كەس، شەعبی وتی : مەبەستم دوكان نییە، بۆلای چ زانایەك دەچیت ؟ ئەویش وتی : من زۆر كەم دەچم بۆ لای زانایان، شەعبی وتی : وامەكە، خوو بدەرە زانست و بڕۆ بۆ خزمەت زانایان‌ و لەكۆڕی ئەواندا دابنیشە، زیرەكییەكت تێدا بەدی دەكەم پێم خۆشە سوودی لێوەربگریت، ئیتر ئەبو حەنیفە شەیداییەكی بۆ زانست پەیدا كردو ئەو قسەیە بوو بەخێر بۆی.

لەتەمەنی شانزە ساڵیدا ئەبو حەنیفە لەگەڵ باوكی چوو بۆ حەج، لەوێ زانایەكی بینی خەڵكێكی زۆر لەدەوری كۆببوونەوە، وتی باوكە گیان ئەو زانایە كێیە؟ لەوەڵامدا وتی : ئەوە پیاوێكە هاوەڵی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) بووە، پێی دەڵێن (عەبدولڵای كوڕی حارس) ئەویش وتی : ئەی چی زانستێكی پێیە ؟ باوكی وتی : رۆڵە گیان ئەوە فەرموودەكانی پێغەمبەری خوای (صلی الله علیه وسلم) ی پێیە، وتی : باوكە گیان بمبە بۆ لای، ئەویش پێشی كەوت و بردی بۆلای ئەو هاوەڵە بەڕێزە، لەوێ ئەو هاوەڵە فەرموودەیەكی گێڕایەوەو وتی : پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی : (هەركەس شارەزا بێت لەدینی خوادا ئەوە خوا ئەرك ‌و خەمەكانی بۆ چارەسەر دەكات و لەلایەكەوە ڕۆزی دەدات كە چاوەڕوانی ناكات).

ئەو فەرموودەیە زۆر كاری كردە سەر ئەبو حەنیفەو ئیتر خووی دایە وەرگرتنی زانست، تەمەنی نەگەیشتبووە بیست ساڵ، كە هێندە زانستی وەرگرتبوو لەناو خەڵكی ناوبانگی زۆری پەیدا كردو لەمزگەوتی كوفەدا وانەی دەوتەوە.

رۆژێك ئەبو حەنیفە دەچوو بۆ لای مامۆستاكەی كە ناوی ئەعمەش بوو، كابرایەك هات بۆ لای ئەعمەش تا سەبارەت بەمەسەلەیەك پرسیاری لێبكات، ئەویش بە ئەبو حەنیفەی وت تۆ وەڵامی بدەرەوە، ئەبو حەنیفەش وەڵامێكی بەهێزی دایەوەو ئەعمەشی مامۆستای تەواو سەرسام بوو، پێیوت ئەو وەڵامەت لەكوێ بوو ؟ ئەویش وتی : مامۆستا گیان لە فەرموودەیەكی پێغەمبەری خواوە (صلی الله علیه وسلم) كە لەجەنابتم بیست بۆت گێڕامەوە.

ئەبو حەنیفە مامۆستایەكی تری هەبوو بەناوی (حەمادی كوڕی ئەبو سلێمان)، هێندە رێزی ئەو مامۆستایەی دەگرت كە خەڵكی بەسەرسامییەوە باسیان دەكرد، جاری وا هەبوو دەچووە بەردەرگای ماڵی مامۆستاكەی، رووی نەبوو لەتەقەی دەرگا بدات، دەوەستا تا مامۆستا بەئیسراحەتی خۆی بێتە دەرەوە، ئینجا زانستی لێوەردەگرت، هەروەها تا لەگەڵ مامۆستاكەیدا بوایە خزمەتی دەكردو هەر كارێكی بوایە بۆی جێبەجێ دەكرد، تەنانەت هێندە رێزی مامۆستاكەی دەگرت لەماڵی خۆیشیاندا رووەو ماڵی مامۆستاكەی قاچی رانەدەكێشا، هەركاتیش نوێژی بكردایە نزای دەكرد بۆ دایكی و باوكی مامۆستا حەماد.

ماوەی هەژدە ساڵ ئاوا لەخزمەت مامۆستاكەیدا بوو تا دواجار مامۆستاكەی وەفاتی كرد، ئیتر ئەبو حەنیفە چووە شوێنی مامۆستاكەیی و ئەمجارە ئەم وانەی دەوتەوە بە خوێندكارەكان.

ئەبو حەنیفە سەركردایەتی زنجیرە فیقهیەكان كەوتە دەست كاتێك لە تەمەنی چل ساڵیدا بوو، فێرخوازەكان لە دەوری كۆبوونەوەو ڕێگەیەكی داهێنەرانەی هەبوو بۆ شیكاری ئەو كێشەو پرسیارانەی ئەكران لە كۆڕەكانیدا، خێرا ئەو چارەسەری نەئەكرد بەڵكو پرسیارەكەی ئاڕاستەی خوێندكارەكانی ئەكرد هەتا هەر یەكێكیان ڕای خۆی بڵێت، پاشان ئەو لەسەر ڕاكانیان ئەدوا هەتا كێشەكەی بە لێكۆڵینەوە لەناودەبردو لەگەڵ فێرخوازەكانیدا لەسەر یەك ڕا كۆدەبوونەوە.

ئیمامی ئەبو حەنیفە جگە لەوەی وانەی دەوتەوە بە خوێندكارەكان، هاوكات چاوی لەباری ژیانی خوێندكارەكانی بوو، هەر خوێندكارێكی هەژار بوایە، خێرا یارمەتی دەداو پێویستیەكانی بۆ دابین دەكرد تا ناچار نەبێت واز لەزانست وەرگرتن بهێنێت، خوای گەورەش بەردەوام ئەبو حەنیفەی دەوڵەمەندتر دەكرد، چونكە بەخشندەیی زۆر زۆر بوو.

ئەبو حەنیفە لەگەڵ دایكیشیدا زۆر چاك بوو، تەنانەت هەندێك جار بۆ پرسیارێكی دایكی دەچوو بۆ لای كۆمەڵە زانایەك كە زۆر لێی دوور بوون، هەرچەندە خۆی وەڵامەكەشی دەزانی، بەڵام حەزی دەكرد لەبەر دڵی دایكی بچێت بۆ لای ئەو زانایانە، ئەوەش جێبەجێكردنی فەرمانی خوا بوو كە فەرمانی كردووە تا دەتوانین لەگەڵ دایك‌ و باوكماندا چاكەكار بین.

ئیمام ئەبو حەنیفە زۆربەی ژیانی بە فێربوون و وانە ووتنەوە بەسەر بردو زۆر زاناو فەقێ لەسەر دەستی دەرچوون، لەوانە؛ حەمادی كوڕی ئەبو حەنیفە، ئیبراهیمی كوڕی تەهمان، هەمزەی كوڕی حەبیب زەیات، ئەبو یەحیای حەمانی، عیسای كوڕی یونس، وەكیع، وەزیدی كوڕی زەریع، ئەسەدی كوری عەمر بەجلی، حوكامی كوڕی یەعلی كوڕی سەلەمی ڕازی، خارجنی كوڕی موسعەب، عەبدول حەمید كوڕی ئەبووداوود، عەلی كوڕی مەسهەرو زۆری تر.

كۆچی دوایی ...

لە ساڵی (127) ی كۆچیدا خەواریجەكان كە تاقمێكی گومڕا بوون دەستیان گرت بەسەر شاری كوفەدا، سەركردەكەیان داوای لەئەبو حەنیفە كرد، بچێتە ناو ریزی ئەوانەوە، ئەویش رازی نەبوو، ئیتر بەدەست خەواریجەكانەوە ناڕەحەتی زۆری هاتەڕێ، دواتریش كە ئومەوییەكان هاتنەوە سەر دەسەڵات، ئەبو حەنیفە بەدەست سەركردەیەكیانەوە ناڕەحەتی چەشت و كرایە بەندیخانەوەو رۆژانە دە قامچی لێدەدرا، جارێك قامچییەكیان بەر دەموچاوی كەوت‌ و دەموچاوی برینداربوو، دەستی كرد بە گریان، وتیان بۆچی گریایت ؟ وتی : لەبەر ئازاری قامچیەكە نا، بەڵكو لەبەرئەوەی ئەگەر دایكم ئەو برینەی دەموچاوم ببینێت خەفەت دەخوات، منیش بۆ ئەو خەفەتەی دایكم ئەگریم.

دواجار خەلیفەی ئەوكاتی موسڵمانان كەناوی ئەبو جەعفەر بوو داوای لە ئەبو حەنیفە كرد تا ببێتە دادوەر، بەڵام ئەو رازی نەبوو، ئەبو جەعفەر زۆری لێكرد و ئیمامیش هەر رازی نەبوو، بۆیە لەسەر ئەوە ئەبو حەنیفەی كردە بەندیخانەوە، دواتر داوای لێكرد هاوكاری دادوەرەكان بكات تا نەكەونە هەڵەوە، كەچی هەر رازی نەبوو، چونكە حەزی نەدەكرد نزیكی دەسەڵاتدارەكان بێت.

دواجار ئەبو حەنیفە لەمردن نزیك بوویەوەو لەكاتی وەفاتیدا سەری لەسوجدەدا بوو لە ساڵی (150) ی كۆچی، بەرامبەر بە (767) ی میلادی، ئەوەش فەزڵێكی خوا بوو كە بەو زانایەی بەخشی، زانایان ‌و موسڵمانان‌ و تەنانەت دەسەڵاتدارەكانیش زۆر خەفەتیان خوارد بەمەرگی ئەو زانایەو مەرگی ئەویان بەهۆكارێكی كەمبوونەوەی زانستیان دەزانی و نزای خێریان بۆ دەكرد.

 

هه‌واڵی گرنگ