ڤاكسینی ئەسترازینێكا راگیرا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڤاكسینی ئەسترازینێكا راگیرا

 

 

كۆمپانیای دەرمانسازی ئەسترازینێكا ڕایدەگەیەنێت بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان ڕادەگرێت و ئەوەش لە بازاڕەكاندا ماوە، هەمووی كۆ دەكاتەوە.

كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، بڕیارەكە تەنها پەیوەندی بە پرسی بازرگانییەوە هەیەو بەرهەمە نوێیەكان كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆرە نوێیەكانی كۆرۆنا پەرەی پێدراوە، جێگەی ئەو ڤاكسینەكەیان لە بازاڕەكاندا گرتۆتەوە.

ڤاكسینی ئەسترازینێكا یەكێك بوو لە یەكەمین ڤاكسینەكان كە لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا بەرهەم هێنراو بەگوێرەی ئەم كۆمپانیایە تا ئێستا زیاتر لە (3) ملیار ژەم بەرهەم هێنراوەو لە جیهاندا دابەشكراوە.

پێشبینی دەكرێت ڤاكسینەكەی كۆمپانیای ئەسترازینێكا لە ماوەی پەتاكەدا ژیانی ملیۆنان كەسی ڕزگاركردبێت، بەڵام نیگەرانی هەبووە سەبارەت بە كاریگەرییە لاوەكییەكانی، لەنێویاندا دروستبوونی مەینی خوێنی كوشندە لە جەستەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەكان، كۆمپانیای دەرمانسازی بەریتانیایی – سویدی پێشتر لە دادگا دانی بەوەدانابوو كە ڤاكسینەكە دەبێتە هۆی ئاڵۆزییەكانی وەك خوێن مەین و كەمبوونەوەی ژمارەی پلاكتەكانی خوێن و ئەمەش ژیانی هەندێك كەس دەخاتە مەترسییەوە.

هەروەها لە ئێستادا كۆمپانیاكە ڕووبەڕووی چەندین داوای یاسایی بۆتەوە سەبارەت بە ڤاكسینی كۆرۆنا.

بەشێك لەوانەی سكاڵایان دژی ئەو كۆمپانیایە تۆمار كردووە، باس لەوە دەكەن كە لە ئەنجامی ئەم ڤاكسینە كەسوكاریان لەدەستداوە، هەندێكی تریش باس لەوە دەكەن كە بەهۆیەوە زیانی گەورەی تەندروستیان بەركەوتووە.

لە بەیاننامەكەی كۆمپانیای ئەسترازینێكا، كۆمپانیاكە جەختی لەوە كردۆتەوە كە ڤاكسینی كۆمپانیاكە ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە لە كۆتاییهێنان بە پەتای جیهانی كۆڕۆناو دەڵێت، هەڵسەنگاندنە سەربەخۆكان مەزەندەیان كردووە كە ڤاكسینەكە تەنها لە ساڵی یەكەمی پەتاكەدا ژیانی (6) ملیۆن و (500) هەزار كەسی ڕزگار كردووە.

هەواڵی وەستاندنی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ڤاكسینی ئەسترازینیكا لەكاتێكدا بڵاو دەكرێتەوە كە هەندێك وڵات پێشتر كڕین و بەكارهێنانیان ڕاگرتبوو.

دەوترێت پێشنیارە پزیشكییە فەرمییەكان سەبارەت بە بەكارهێنانی ئەم ڤاكسینە چەند جارێك گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە.

لە مانگی شەشی ساڵی (2022) دا، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، كە ڤاكسینی ئەسترازینیكا بۆ كەسانی تەمەن (18) ساڵ و سەرووتر، سەلامەت و كاریگەرە. لە (7) ی مانگی چواری ساڵی (2021)، لێژنەی هاوبەشی كوتان و بەرگری پێشنیاری كرد كە گەورە ساڵانی تەمەن (30) ساڵ و سەرووتر ڤاكسینێكی تر جگە لە ئاسترازینێكا وەربگرن دوای ئەوەی ڕاپۆرتیان پێگەیشت كە حاڵەتی زۆر دەگمەنی خوێن مەین لە ژمارەیەكی زۆر كەمی خەڵكدا ڕوویداوە.

پەتای جیهانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ساڵی (2019) لە چینەوە بڵاوبوویەوەو بە ملیۆنان قوربانی لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو، هێشتا مەترسییەكانی ئەم ڤایرۆسە ماوەو (15%) ی زانایانی دیاری پزیشكی لەسەر ئەو بۆچوونەن كە ئەگەری هەیە جۆرە نوێیەكانی كۆرۆنا جارێكی دیكە ببێتە هۆی پەتایەك لە جیهاندا.

 

هه‌واڵی گرنگ