لەرۆژێكی وەكو ئەمڕۆو لە ساڵی (898) ی میلادی گەورە شارەزاو لێهاتووی بواری زمانی عەرەبی (موبەرید) كۆچی دوایی كرد.
ناوی (موحەمەدی كوڕی زەیدی كوڕی عەبدولئەكبەر) ەو لە ساڵی (825) ی میلادی لەشاری بەسرا لەدایك بووە.
لەبەر جوانی و كەشخەیی نازناوی (موبەرید) یان پێبەخشیوە، تاكو بووە كەسێكی لێهاتوو لە زمان و نەحوی عەرەبی، تەنانەت دەڵێن : لەدوای (سیبەوەیهی) شارەزاترین كەس بووە لە نەحوو، زۆربەی شیعرو داستانەكانی عەرەبی ئەزبەر بووە.
موبەرید لەسەدەی سێیەمی كۆچی ژیاوە، واتە سەدەی نۆیەمی میلادی، شارەزایی هەبووە لەبوارەكانی زانستی بەلاغەو رەخنەو نەحوو.
لەشاری بەسرا زانستی لەسەر دەستی (ئەبو عومەر ساڵحی كوڕی ئیسحاقی جەرمی و ئەبو عوسانی كوڕی بەكری كوڕی موحەمەدی كوڕی عوسمانی مازنی) وەرگرتووە، هەریەكە لە (جاحظ و سەجستانی و تەوزی) ستایشی زانستەكەیان كردووە، واتە (نەحوو) كە یەكێك بووە لە گەورە زانایانی ئەو بوارە، ئەمە سەرباری ئەوەی كە هەریەكە لە (ئەبو عەلی تۆماری و ئەبو سەهلی قەتان و ئەحمەدی كوڕی مەڕوانی دینەوەری) دەرسیان لای خوێندووە.
نووسراوە، (موبەرید) لە ژیانیدا سەردەمی نۆ خەلیفەی عەباسییەكانی بینیوە، بەڵام تەنها چاوی كەوتووە بە (موتەوەكیل).
موبەرید نووسراوی زۆر بووە بەشێوەی كتێب، بەڵام لە بەناوبانگترینیان (الكامل في اللغة والادب).
لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆو لە ساڵی (898) ی میلادی لەشاری بەغدا كۆچی دوایی دەكات و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاك دەكرێت.