كوردیو
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت،"تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەبانکیکردنی مووچە بۆ بەشداریکردنی هەژماری من و بانکە حکومییەکانی عێراق نەکراوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-5-2024 فازڵ نەبی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند،"بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەغدا سوورە لە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و جێبەجێکردنی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".
ئاماژەی بەوەش دا،"وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت لەڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە وەک لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییدا هاتووە، کێشەی مووچە چارەسەر بکات نەوەک لەڕێگای هەژماری من".
دەشڵێت،"لەبەر ئەو هۆكارە تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەو بارەیەوە نەکراوە".
باسی لەوەش کرد،"ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامیی هەبێت بەبێ چارەسەرکردن و رێککەوتن لە نێوان هەرێم و عێراق، ئەوا جارێکی دیکە کێشەی مووچە سەرهەڵدەداتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو،"شاندەکانی هەرێم خاوەن بڕیار و کەسانی پسپۆڕی تێدا نییە، بۆیە ناگەنە هیچ رێککەوتنێک و وەک ماوەکانی رابردوو تەنها رێککەوتنەکان زارەکیی دەبن بەبێ هیچ چارەسەرکردنێک".
وتیشی،"مووچەی مانگی چوار بەهۆی داواکارییەکی دادگای فیدڕاڵییەوە نێردراوە و ئەگەر بەبانکیکردنی مووچە دەستپێنەکات، ئەوا مووچەی مانگی پینج گرفتی زیاتری بۆ درووستدەبێت وەک لەوەی لە ئێستادا هەیە، بەڵام دەبێت بە گوێرەی یاسا چارەسەربکرێت لە هەموارکردنەوەی بودجەی ئەمساڵی عێراق".