x

X
17/05/2024 - 08:29
ژەمی بەیانیان و كۆمەڵێك زانیاری گرنگ

 

 

ژەمی بەیانی یەكێكە لە گرنگترین ژەمەكانی ڕۆژ؛ گەر سەرەكیترین ژەم نەبێت؛ پێویستە ڕۆژانە لەكاتی خۆیدا بخورێت لە زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵگا، نەوەك هەموو مرۆڤەكان.

ئەو توێژینەوە تازانەی باس لەوە دەكەن كە نەخوارنی ژەمی بەیانی سوودی هەیە بۆ تەندروستی؛ زۆرینەی ڕەهایان پەیوەستن كاتی ڕۆژووی زانستی یان ڕۆژووی پچڕ بچڕە كە لەجۆری زۆرەو باوترینیان ئەوە كە ماوەی شانزە سەعات نابێت هیچ بخورێت تەنها ئاو‌و چاو قاوەی بێ شەكر ڕێگا پێدراوە، لەو كاتانەدا ئەو كەسە ژەمی بەیانیان ناخوات بەگوێرەی سیستەمە خۆراكیەكە.

تەنانەت لە ڕۆژووی زانستی، ئێستا جۆرێكی تر هەیە كە پێی دەوترێت ڕۆژووی پچڕپچڕی پێچەوانە یان هەڵگەڕاوە؛ كە تیادا تەنها ژەمی بەیانی و نیوەڕۆ دەخورێت و دوای سەعات چواری عەسر تەنها ئاوو چاو قاوە ڕێگا پێدراوە.

تا ئەم چركە ساتە زۆرینەی پزیشكان كۆكن لەسەر گرنگی خواردنی ژەمی بەیانی.

گشتاندن بۆ هەموو ڕێنمیایەكی تەندروستی و بێ پێدانی زانیاری تەواوو بنەمای زانستی كارێكی چەواشەكاری و هەڵەیە؛ دەبێت پزیشك ڕەچاوی هەموو تەمەن و جۆری پیشەو كاتی ئیشكردن و كێش و باڵاو باری تەندروستی و بوونی نەخۆشی درێژخایەن بكات و كورت و پوخت بڵێت لە فڵان سیستمی خۆراكی ئەوە ژەمە یان ئەو خواردنە نابێت بخورێت.

ئاخر كرێكارێكی ماندوو چۆن دەتوانێت بێ خواردنی ژەمی بەیانی ئەركی خۆی بەجێبێنێت، یان كەسێك كەلاوازەو بەدخۆراكە یان یەكێك چەند جۆرێك دەرمانی نەخۆشی درێژخایەنی هەیە، ناكرێت پێی بڵێیت ژەمی بەیانی مەخۆ.

بێگومان لە ئێستادا بەشێكی بەرچاو لە هاونیشتمانیان ژەمی بەیانیان ناخۆن، بەڵام هۆكارە بنەڕەتیەكە بریتییە لە شەونخوونی و درەنگ نووستن و كەمخەوی و درەنگ هەستان لەو ڕۆژانەی دەوامیان نیە بۆیە ئەو ڕۆژانەی كە زوو هەڵ ئەستن نانی بەیانیان پێ ناخورێت لەكاتی خۆیدا.

هەمیشە جەخت دەكرێتەوە لە نووستنی تەندروست شەوانەو لەخۆراك گرنگترە لەپاڵ زیادكردنی جووڵەو وەرزش لانی كەم بەپێ ڕۆیشتن و كەمكردنەوەی قەلەقی و دڵەڕاوكێ گەر بتوانرێت.

(د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی – پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك)

گرنگ
پۆلیسی كەركوك : تەقەكەرانی ڕوداوەكەی شەوی رابردوو دەستگیركران
میدیایەكی عێراقی كاتی ناردنی مووچەی مانگی سێی هەرێم ئاشكرا دەكات
لە شەڕی دوو بنەماڵەدا ,شەش کەس کوژران
مەكتەبی راگەیاندنی یەكگرتوو پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاودەكاتەوە