ڕووسیا دەست بەسەر 813 ملیۆن دۆلاری دوو بانکی ئەورووپا دەگرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڕووسیا دەست بەسەر 813 ملیۆن دۆلاری دوو بانکی ئەورووپا دەگرێت

ئاژانسی ڕۆیتەرز و ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویان کردووەتەوە، دادگای ڕووسیا بڕیاریداوە دەست بەسەر 813 ملیۆن دۆلاری بانکەکانی دۆیچە بانکی ئەڵمانی و یونی کرێدیتی ئیتاڵیدا بگرێت.

ئەمڕۆ شەممە 18_ی ئایار_ی 2024 ڕۆیتەرز، بە پشتبەستن بە مێدیاکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان و هەژمار و موڵک و ماڵی دۆیچە بانکی ئەڵمانی لە ڕووسیا دەرکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی داوایەکی یاساییدا کە بانکی ئەڵمانی تێیدا بەشدارە.

هاوکات ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ڕایگەیاند، دادگایەک لە سانت پترسبۆرگ دەستی بەسەر ئەو سەروەت و سامانەدا گرتووە، کە بڕی 463 ملیۆن یۆرۆ، 504 ملیۆن دۆلارە و خاوەندارێتی بۆ بانکی یونی کرێدیتی ئیتاڵیای دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، ئەم بڕیارە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە بانکی ناوەندی ئەورووپا قەرزدەرەکانی ناوچەی یۆرۆ کە کارەکانیان لە ڕووسیایە ئاگادارکردووەتەوە بۆ خێراترکردنی پلانەکانی دەرچوونیان.

بەگوێرەی ئاژانسی "تاس"ـی ڕووسی، کۆی ئەو سەروەت و سامانەی لە بانکە ئەڵمانییەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە، نزیکەی 283.6 ملیۆن یۆرۆیە کە دەکاتە 309 ملیۆن دۆلار.

بەپێی ڕۆژنامەکە، "دەستبەسەرداگرتن" یەکێکە لە گەورەترین هەنگاوەکان لەدژی بانکەکانی ڕۆژئاوا لەدوای هێرشە بەرفراوانەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمەش وای کردووە زۆربەی قەرزدەرە نێودەوڵەتییەکان بکشێنەوە یان کۆتایی بە کاروبارەکانیان لەو وڵاتەدا بهێنن.

لەو بارەیەوە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا داوای کرد، ڕۆژی دووشەممە، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی دەستبەسەرداگرتنەکان کە کاریگەری لەسەر دووەم گەورەترین بانکی وڵاتەکە هەیە بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، لەم دواییانەدا، یەکێتیی ئەورووپا، ڕەزامەندیی دەربڕیووە لەسەر ڕێککەوتنێک بۆ بەکارهێنانی داهاتی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ڕووسیا بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا.

 

هه‌واڵی گرنگ