ڕۆژانە نزیکەی 25 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دهۆك تۆمار دەکرێن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڕۆژانە نزیکەی 25 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دهۆك تۆمار دەکرێن

كوردیو

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕایدەگەیەنێت،"ڕۆژانە نزیکەی 25 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکەمان تۆمار دەکرێن".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-06-2024، بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ پاراستنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران و ئاماری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، خنکان و چەند ڕووداوێکی دیکەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-06-2024 ئاشکرا کرد.

لە كۆنگرەكەدا وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆك ڕایگەیاند،"لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا 86 دۆنمی گەنم لە سنووری پارێزگاری دهۆک سووتاون و ئەگەر تیمەکانیان بە خێرا ئاگرەکانیان کۆنتڕۆڵ نەکردبا، قەبارەی زیانەکان زیاتر دەبوو".

ئاماژەی بەوەش دا،"لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 431 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە پووش و پاوان تۆمارکراون".

باسی لەوەش كرد،"لەبەرئەوەی وەرزی دوورینەوەی گەنمە و لەم دواییەدا چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، 24 تیممان بەسەر ئەو ناوچانەدا بڵاوە پێکردووە کە بنکەی ئاگرکوژێنەوە لێیان دوورن. بۆئەوەی ئەگەر ئاگر لە گەنمی جووتیاران کەوتەوە، لە زووترین کاتدا کۆنتڕۆڵی بکەن".

وتیشی،"بە گوێرەی ئامارەکانی تۆمارکراو، ڕۆژانە نزیکەی 20 بۆ 25 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاری دهۆک تۆماردەکرێن، واتا هەر کاتژمێرێک ڕووداوێک تۆمار دەکرێت".

بێوار عەبدولعەزیز ئەوەی خستەڕوو،"لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار کەس لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە سووتاون و گیانیان سپاردووە، شەش کەس خنکاون (چواریان لە کاتی لافاوەکەی شاری دهۆک و دووانی دیکەش لە ڕووباردا خنکاون). هاوکات تیمەکانمان توانیویانە 285 کەس لە خنکان ڕزگار بکەن".

 

هه‌واڵی گرنگ