یەكگرتووی ئیسلامی: پێویستە كیشەی مووچە چارەسەربكرێت و ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبكرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

یەكگرتووی ئیسلامی: پێویستە كیشەی مووچە چارەسەربكرێت و ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبكرێت

كوردیو
 
رۆژی چوار شەممە بەرواری 5/6/2024 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیی ئەنجامدا و لە بەلاغێكدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی بڵاودەكاتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی :
 
 
بسم الله الرحمن الرحيم
بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
 
ڕۆژی چوار شەممە بەرواری 5/6/2024 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا لە هۆڵی مامۆستا (شەماڵ موفتی)بە سەرۆكایەتی بەڕێز د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئامادەبوونی بەڕێزان مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و د. محمد ئەحمەد سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری حیزب.
 
سەرەتا بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە وتارێكدا تیشكی خستە سەر بارودۆخە گشتیەكەو دید و تێروانینی پێویستی لەو بارەیەوە خستەڕوو.
 
پاشان ئەندامانی سەركردایەتی لە چەند دانیشتنێكی یەك لە دوای یەكدا تەوەرەكانی كارنامەی كۆبوونەوەكەیان خستە بەرباس و تاوتوێكردن و گفتوگۆی تێر و تەسەلیان لە بارەوە ئەنجامدا بە مەبەستی دەستنیشانكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتیە هەنووكەییەكان و گەیشتن بە بڕیار و راسپاردەی پێویست بەم شێوەیەی خوارەوە:
 
یەكەم/ سەبارەت بە پرسی موچە و كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا، كۆبوونەوەی سەركردایەتی جەخت دەكاتەوە كە پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەستوبرد بكەن لە تەواوكردنی كێشەی بە بانكیكردن و بە ئەنجام گەیاندنی پێداویستییەكانی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشان و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە گشتی لە چوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدرالیدا و داوایكرد كێشە و بەربەستەكانی بەردەم دابەشكردنی موچەی هێزە ئەمنیەكان چارەسەر بكەن. لەو بارەیەوە سەركرادیەتی ڕۆڵی تیمی پارێزەران و فراكسیۆنی یەكگرتووی لە بەغدا بەرز نرخاند كە توانیان بەشێوەیەكی یاسایی و پڕۆفیشنالانە كەیسی موچە لە دادگای باڵای فیدرالی لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێم یەكلا بكەنەوە.
 
دووەم/ سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەی سەركردایەتی بە پێویستی دەزانێت هەرچی زووترە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت بەو شێوەیەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكردووە، هەروەك پێویستە زەمینەسازی بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی خاوێن و دوور لە دەستێوەردان و ساختەكاری بە سەرپەرشتی یۆنامی و رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی ئەو بوارە.. هەر لەو بارەوە كۆبوونەوەی سەركرادیەتی جەختی كردەوە لە سەر ئامادەیی تەواوی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ بەشداریكردنی كارا لەو هەڵبژاردنەدا، لەو پێناوەدا داوا لە سەرجەم دەنگدەرانی گەلەكەمان دەكات كە بە ئەوپەڕی متمانەوە بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و گۆڕانكاری پێویست لە نەخشەی سیاسی هەرێم دا بكەن و ڕێگا خۆش بكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی لە سیستەمی حوكمڕانیدا بۆ كۆتایی هێنان بە گەندەڵی و ناعەدالی و سیاسەتە چەوتەكانی لایەنەكانی دەسەڵات.
 
سێیەم/ لە بارەی ڕووداوەكانی ناوچەكە بە گشتی و تاوانەكانی جینۆسایدا كۆمەڵكوژی و وێرانكاری ڕژێمی داگیركەری زایۆنی دژ بە خەڵكی غەززە.. كۆبوونەوەی سەركردایەتی جارێكی تر هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی دوپاتكردەوە بۆ هەموو ئەو نەهامەتی و مەرگەساتەی دوچاری خەڵكی بێ دیفاعی غەززە بۆتەوە، هاوكات نیگەرانی خۆی ڕادەگەیەنێت دژ بەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست تاوانەكانی جەنگ و جینۆسایدی كە بەرامبەر كەرتی غەززە دەكرێت و پشتیوانیكردنیان بۆ رژێمی داگیركەری مرۆڤكوژ ڕیسوا دەكات..
 
لەو میانەدا ڕۆڵی قارەمانانەو بەرخۆدانی هێزەكانی موقاوەمەی فەلەستینی بەرز نرخاندو داوایكرد هەرچی زووترە ئاگربەست بكرێت و كۆتایی بە كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی خەڵكی غەززە بهێنرێت.
لە دوایین تەوەری كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئۆرگانەكانی حیزب و رێكخراوە خێرخوازی و دەعەوی و پیشەیی و جەماوەرییەكانی یەكگرتوو كرد كە بەردەوامن لە پێشەشكردنی جوانترین نمونەی كاروچالاكی و خزمەتگوزاری بە چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان.
 
لە كۆتایی دا لە خوای گەورەو میهرەبان داواكارین حەج و عیبادەتی حاجیانی ماڵی خوا بە گشتی قبوڵ بكات، بە تایبەتی حاجیانی كوردستان بە سەلامەتی و تەندروستیەوە بگەڕێنەوە ناو كەس و كاری خۆیان.
 
خوای گەورە پشتیوان و ڕێنیشاندەری هەمولایەكمان بێت
 
ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

 

هه‌واڵی گرنگ