ڕێواز فایەق سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵاویكردووەتەوە،"خەسڵەتی سەرەکی بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان ئەوەیە کە بەردەوام بیانوو بە دوژمنی وەهمی بهێننەوە دۆخی گشتی وەک دەرئەنجامی تیۆری پیلانگێڕی پیشانی خەڵک بدەن".
ئاماژەی بەوەش داوە،"مسۆگەر بوونی مووچە، بە ڕادەستکردنی ناو و زانیاریی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە قبووڵکردنی ووردبینی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە، بە ڕادەستکردنی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانی هەرێمەوە،بە جێبەجێکردنی ئاست دوای ئاستی مەرجەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، بە شکاندنی غروری ناواقعی و پێداگریی بێ کردارەوە، هەمووی بە یەک پاکێج، بەرهەمی بڕیاری ویژدانی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی و پێداگری و ئازایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو و ئەو ژن و پیاوە ژیرانەیە کە متمانەیان بە دادپەروەریی دادگا باڵاکەی عێراق کرد و سکاڵایان بردە بەردەستی".
دەشڵێت،"دواجار دادگاکە هەردوو سەرۆک حکومەتی بەغداد و هەولێر، هەردوو وەزیری دارایی و کۆی دامەزراوەکانی هەردوو حکومەتی ملکەچی دادپەروەریی کرد، لەو نێوەندەش خەڵک ئەوەندە هوشیارە کە پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی خۆی دەناسێت و بۆ ناسینەوەیان زرمە زرمی دەهۆڵی دووری پێویست نیە".
جێگەی باسە،لەسەر سكاڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ڕۆژی 21-2-2024 دادگای باڵای فیدڕاڵیی كۆبوویەوە و سەرۆكی دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند،"هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا مولزەمن بە چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا".
لە بڕیارەكەدا هاتووە،"دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا بکات".
هەر لەسەر سكاڵاكەی یەكگرتووی ئیسلامی، دادگای باڵای فیدراڵیی ڕایگەیاند،" پێویستە حکومەتی عێراق بەبێ قەرز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات".
دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێم، بەكر حەمە سدیق پارێزەرەكەی یەكگرتوو ڕایگەیاند،"ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو پاڵپشتی سەرەكی و یەكەمی تۆماركردنی سكاڵا بوو لە دادگای فیدراڵی لەبارەی دواكەوتن و نەدان و فەوتانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".