كوردی‌و
ئه‌و مامۆستا ئاینییه كوردەی كه به تاوانی زیانگه‌یاندن به یه‌كپارچه‌یی ئێران سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، به لێبوردنێك سزاكه‌ی بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی كه‌مكرایه‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی (میزان)ـی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی ئێران ئاشكرایكرد، حوكمی مامۆستا (محه‌مه‌د خزرنه‌ژاد) له له‌سێداره‌دانه‌وه گۆڕدراوه بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی.
چه‌ند ڕۆژی رابردوو، تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان رایگه‌یاند، دادگای باڵای ئێران حوكمی له‌سێداره‌دان و 16 ساڵ به‌ندكردنی مامۆستا محه‌ممه‌د خزرنه‌ژاد پشتڕاستكردوه‌ته‌وه، كه مامۆستایه‌كی ناڕازیی كورده.
دوای 14 مانگ به‌ندكردن، دادگای شۆڕش له ورمێ له تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوودا به تاوانی "بڵاوكردنه‌وه‌ی خراپه‌كاری له‌سه‌ر زه‌وی، زیانگه‌یاندن به یه‌كپارچه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی وڵات و پڕوپاگه‌نده دژی رژێم" سزای له‌سێداره‌دان و 16 ساڵ زیندانیكردنی بۆ ئه‌م مامۆستا ئاینییه كورده ده‌ركرد.
مامۆستا محه‌مه‌د خزرنه‌ژاد كه ته‌مه‌نی (45 ساڵه) رۆژ 24ـی ئۆكتۆبه‌ری 2022 هاوڕێ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یدا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه ده‌ستگیركراوه.