ڕێكخراوی گەشەپێدان چەند پەیامێك تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 بڵاودەكاتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڕێكخراوی گەشەپێدان چەند پەیامێك تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 بڵاودەكاتەوە

چەند پەیامێك لە ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستانەوە، تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی

قوتابیان و خوێندكارانی ئازیز .. باوكان و دایكانی خۆشەویست

وابڕیارە ڕۆژی یەكشەممە 23-6-2024 تاقیكردنەوەی نیشتیمانیی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی-وێژەیی) دەستپێبكات، بۆ ئەو مەبەستە بە پێویستی دەزانین چەند پەیامێكتان ئاڕاستە بكەین، بەو هیوایەی ببنە هۆكارێك بۆ سەركەوتنی قوتابییەكانمان:

قوتابی/خوێندكاری ئازیز

1- (بسم الله) سەرەتای هەموو كارێكی خێرە، تۆش بە ناوی خوا دەستپێبكە، خوای گەورەش هاوكار و یارمەتیدەرت دەبێت.

2- هەوڵ بدە كاتژمێرێك پێش وادەی تاقیكردنەوە خۆت ئامادەكردبێت، بۆئەوەی لەڕووی دەروونییەوە ئامادە بیت لە هۆڵی تاقیكردنەوە.

3- پەلە مەكە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، كاتێكی زۆرت لەبەردەستدایە، بەوپەڕی هێمنیی و ئارامییەوە وەڵام بدەرەوە.

4- ئەوكاتانەی تووشی لەبیرچوونەوە دەبیت خەمبار مەبە، زاڵ بە بەسەر شڵەژانتدا و نزا بكە خوا هاوكارت بێـت.

5- سەرەتا سەرجەم پرسیارەكان بخوێنەرەوە و پاشان بچۆرەوە بۆ سەرەتا بۆ وەڵامدانەوە.

6- ئەو پرسیارانەی وەڵامەكانیان دەزانیت لای خۆت دیارییان بكە، پاشان وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەرەوە كە بەلاتەوە گرانن.

7- لە هەندێ هۆڵی وانەوتنەوە هەندێجار قوتابیان گلەیی ئەوە دەكەن كە پرسیارەكان قورسن و بارودۆخێكی نەخوازراو لە هۆڵەكە درووست دەكەن، خۆت پێیەوە سەرقاڵ مەكە و ئەو كاتەی لەبەردەستتدایە سوودی لێوەرگرە بۆ شیكار و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان.

8- هەوڵ بدە دوای تاقیكردنەوە ڕاستەوخۆ بگەڕێیتەوە ماڵەوە و پشوو بدەیت، خۆت سەرقاڵ مەكە بە شیكاركردنی پرسیارەكان.

9- سوپاسی خوا بكە كە توانیت بە سەلامەتیی و تەندرووستییەكی باشەوە تاقیكردنەوەكە ئەنجام بدەیت. ( لَئِن شَكَرْتُمْ لَأَزِيدَنَّكُمْ ۖ) .

10- هەرشتێك خودا بڕیاری لێ بدات بێگومان ئەوە باشترینە بۆ مرۆڤ، بۆیە خەمبار مەبە ئەگەر زانیت لە تاقیكردنەوەكە باش نەبوویت.

باوكان و دایكانی ئازیز

1- هەمیشە لە نزا و پاڕانەوەكانتاندا ڕۆڵە قوتابییەكانتان لەبیربێت، ئێستا ئەوان لە هەستیارترین ساتی تەمەنی خۆیاندان كە دەبێتە هەنگاوی سەرەتای بونیاتنانی داهاتوویان.

2- مەچنە سەردانیی و میوانداریی مەكەن، بۆ ئەم كاتەی ئێستا عەیبە نییە ئەگەر خزم و كەسوكارت نیازی هاتنیان هەبێت بۆ ماڵتان و ئێوەش بفەرموون كە (قوتابی پۆلی 12مان هەیە و بمانبەخشن!)

3- كاتێك كە ڕۆڵەكەت لە تاقیكردنەوە گەڕایەوە ڕاستەوخۆ هەواڵی تاقیكردنەوەكەی لێ مەپرسە، باشتر وایە پێی بڵێیت كە بڕوات پشوو بدات بۆئەوەی ماندوویەتی سەعییكردنی بحەوێتەوە.

4- كەشێكی ئارامیان بۆ درووست بكەن لە ماڵەوە، مەهێڵن هیچ بارودۆخێك كاریگەریی نەرێنییان لەسەر دابنێت.

5- كاتێك كە قوتابی پشوویەكی كورت وەردەگرێت یەكسەر لۆمەی مەكە و پێی مەڵێ بۆ سەعی ناكەیت؟! پشووی كورت قەلەقیی و ماندووبوونی قوتابی كەم دەكاتەوە.

جارێكی دیكە دوعاخوازین خوای گەورە سەرجەم قوتابیانمان سەركەوتوو بكات و بگەن بە ئاواتی شایستەی خۆیان.

 

ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان

22-6-2024

 

هه‌واڵی گرنگ