ئاسایشی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا هۆشداری دایە هاوڵاتیان كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی واتسئاب وەڵامی پەیوەندی نەناسراوی وڵاتانی بیانی نەدەنەوە، چونكە لە رێگەیەوە مۆبایلەكانتان هاك دەكرێت و لەبەرامبەردا داوای پارە دەكەن.
ئاسایشی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: ئاگاداری هاوڵاتیان دەكەینەوە كە چەند ژمارە مۆبایلێكی وڵاتانی بیانی بە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی (وەتسئاپ) بەناوی هەلی كارو قازانجكردن و كۆمپانیای بیانی كورتەنامە بۆ هاوڵاتیان دەنێرن.
راشیگەیاند: دوای ئەوەی كە هاوڵاتیان لەگەڵیاندا دەكەوێتە پەیوەندی، داوای (ژمارەی نهێنی/كۆد) دەكات كە ڕەوانە كراوە بۆ ژمارەی (وەتسئاپ)، لەگەڵ پێدانی ئەو (ژمارەی نهێنی /كۆد)ـە كە بۆت ڕەوانە كراوە، ڕاستەوخۆ دەست بەسەر سەرجەم هەژمارەكان دەگرن كە لەسەر ژمارە مۆبایلەكەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دانراوە.
هەروەها رایگەیاند: دواتر لە بەرامبەر گەڕانەوەی هەژمارەكانت، داوای بڕێكی زۆر پارە دەكەن.
ئاسایشی هەولێر داوای لە هاوڵاتیان كرد بەهیچ شێوەیەك وەڵامی ئەو جۆرە پەیوەندییانە نەدەنەوەو هەر (ژمارەیەكی نهێنی /كۆد)ێك، بۆ ژمارە مۆبایلەكەتان هات دەبێت بۆ كەس ڕەوان نەكرێت تاكو هەژمارەكانتان پارێزراو بێت.