دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری دەداتە ئێران و بە تەلەفۆن پێیانڕا دەگەیەنێت، هەر کردە و هێرشێکی تۆڵە سەندنەوە لێکەوتەی وێرانکەری لێدەکەوێتەوە.
لامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئێکس بڵاویکردووەتەوە، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ عەلی باقری کەنی سەرپەشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دانبەخۆیدا بگرێت و بۆ تۆڵەسەندنەوە بەرانبەر بە ئیسرائیل کارێكی هەڵەشە نەکات.
ئاماژەی بەوەش كرد" زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی کەس نییە، هەربۆیە لەگەڵ عەلی باقری کەنی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەم کرد و هۆشداریم پێدا، هەر هێرشێکی ئێران دەرئەنجامی وێرانکەری بۆ ناوچەکە دەبێت".
باسی لەوەش كرد، پێویستە ئێران و هەموو لایەنەکان هەرچی زووە و دەستبەجێ گرژییەکان هێور بکەنەوە.
ئەوەش لە کاتیكدایە، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمەریکی ڕاستەوخۆ ئێران و ئیسرائیلیان ئاگادارکردووەتەوە دۆخی ناوچەکە لەوەی هەیە زیاتر ئاڵۆز نەکەن، هەربۆیە ئەگەر هەیە ئێران لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پاشگەز ببێتەوە.