نەهەنگێكی سیخوڕ دۆزرایەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نەهەنگێكی سیخوڕ دۆزرایەوە

 

 

نەهەنگێكی سپی بیلوگا بە ناوی (هڤالدیمیر) كە سەرەتا لە نەرویج بیندراوە لە نزیك ئاوەكانی ڕووسیاو پەتی لە ملدا بووەو قسەو قسەڵۆكی بە دوای خۆیدا هێنا لەسەر ئەوەی ڕەنگە سیخوڕێكی ڕووسیا بێت، بە مردوویی دۆزراوەتەوە.

كەناڵی ئێن ئاڕ كەی نەرویجی بڵاویكردۆتەوە، نەهەنگەكە لە ڕووباری ڕیساڤیكای باشووری نەرویج بە سەرئاوكەوتوویی لەلایەن باوك و كوڕێكەوە كە خەریكی ڕاوە ماسی بوون دۆزراوەتەوە.

نەهەنگەكە كە ناوی (هڤالدیمیری) لێنراوە، كە بریتییە لە ناوی نەهەنگ بە نەرویجی (هڤال) و ناوی یەكەمی سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادیمیر)، لە ڕێی كرێنێكەوە لە ئاوەكە هێندراوەتە دەرەوەو گواستراوەتەوە بۆ بەندەرێكی ئەو نزیكانەو لەوێ شیكاری بۆ دەكرێت.

سێباستیان ستراندی زیندەزانی دەریایی بە ئێن ئاڕ كەی وتووە، بە داخەوە هڤالدیمیرمان بە سەرئاوكەوتوویی دۆزییەوە لە ڕووبارەكەدا، ئەو مردووە، بەڵام دەستبەجێ نەزاندراوە هۆكاری مردنەكەی چی بووە، وتیشی: هیچ بریندارییەكی گەورە بە لاشەی ئاژەڵەكەوە دیار نەبووە.

ستراند كە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چاودێری سەركێشییەكانی نەهەنگەكەی كردووە، وتی: زۆر دڵگران بووە بە مردنی، وتی: زۆر ناخۆشە، هەتاوەكو ڕۆژی هەینیش بارودۆخی باش بووە، بۆیە دەبێت بزانین لێرە چی ڕوویداوە.

نەهەنگەكە كە (4.2) مەتر درێژ بووەو كێشی (1225) كیلۆگرام بووە، سەرەتا لە مانگی چواری ساڵی (2019) دا لەلایەن ڕاوچییەكی ماسییەوە لە نزیك دوورگەی ئینگۆیای باكوور بیندراوە، پەتی بە ملەوە بووەو شتێكی پێوە بووە كە وادیار بووە بۆ دانانی كامێرا بووە لەسەری، هەروەها قایشێكیشی پێوە بووە نوسراوە لەسەر كەرەستەی سەینت پیتەرسبێرگ. سەینت پیتەرسبێرگ شارێكە لە ڕووسیا.

ئەوەش گومانی ئەوەی دروست كرد كە نەهەنگەكە نەهەنگێكی سیخوڕی بێت، شارەزایان دەڵێن : هێزی دەریایی ڕووسیا بەوە ناسراوە كە مەشق بە نەهەنگەكان دەكات بۆ مەبەستی سەربازی.

ئێن ئاڕ كەی وتی : لە چەندین ساڵی ڕابردوودا نەهەنگەكە لە چەندین كەناری شارۆچكەكانی نەرویج بیندراوەو بە خێرایی دەركەوت كە نەهەنگەكە زۆر ماڵییەو چێژی بینیوە لە یاریكردن لەگەڵ خەڵكدا.

ڕێكخراوی ناحكومی مارین میند وتی نەهەنگەكە زۆر گرنگی داوە بە خەڵك و وەڵامی ئاماژەكانی دەستی داوەتەوە.

وتی : بەپێی ئەم چاودێرییانە، وادیاربووە كە هڤالدیمیر لە ڕێی پەڕینەوە بە ئاوەكانی ڕووسیادا گەیشتبێتە نەرویج.

 

هه‌واڵی گرنگ