سەرباری ڕوونی و ڕەوایی داواكاریەكانیان كە مافی دامەزراندن و گرێبەست و قوت و ژیانكردنیانە، ستەمێكی گەورە لە مامۆستایانی ئایینی خۆبەخشی مزگەوتەكان دەكرێت كە ساڵانێكە لە دوانگەو میحرابەكانی كوردستان خزمەت دەكەن.
مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش ١٨٠٠ مامۆستایە، ژمارەکە زۆرنیەو بارگرانی لەسەر حكومەت دروست ناكەن، پێشتر وەزارەتی ئەوقاف وكارو باری ئایینی بەڵێنی دامەزراندنی پێدابوون تالەم دۆخە ناھەموارەی ژیان وگوزەرانی ووڵاتەکەماندا ھەندێك باری شانیان سوك ببێت و مافێکی ڕەوای خۆشیان وەربگرن، کەچی بەداخەوە هاوشێوەی سەدان بەڵێنی دیكە پشت کەنو خراو جێبەجێ نەکرا....؟؟!! هۆکارەکەشی وەزارەتی ئەوقاف ودەسەڵاتی جووت حیزبی دەسەڵاتە کە مافێکی سەرەتاییان پێ ڕەوانابینن لێیان زەوتکردوون.
سەبارەت بەو مینحەیەش کە ئەوقاف باسی كردوە لەئاست شکۆوگەورەیێ مامۆستایانی ئایینی دا نییە و جێگای قبوڵ نیە. مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش ساڵانێكە لە مزگەوت و میحرابەكانی كوردستان خزمەت بە ئیسلام و مسوڵمانان دەكەن لە گوندو لادێ دوورە دەستەكان، قەزاو ناحیەو شارەكان، بەڵام لەبری پاداشت كردن و دامەزراندنیان ئێستا پەراویز دەخرێن، كە ئەمە خوێندنەوەی دیكە هەڵدەگرێت و بەجۆرێك لە جۆرەكان پەراوێزخستنی ئایینی پیرۆزو پەیامەکەمانە بۆ میللەتی كوردی مسوڵمان.
ئەركی حكومەت و ئەوقافە كە بە زوترین كات مافەكانیان جێ بەجێ بكات لەپێناو زیاتر ئاوەدانكردنەوەی مزگەوتەكان و گەیاندنی پەیامەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خەڵكی كوردستان ، كە تائێستاش ئەوانن ڕێنیشاندەری ڕێگای دین و ژین و ڕاستی و پەروەردەو چرای زانست و بەهەموو شێوەیەك ، ئێمە پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین و بۆداواڕەواکانی مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش و داواکارین دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەژێر ھیچ پاساوێکدا جیاکاری لەگەڵ ئەواندا نەکات کەخزمەتی ئاین وڕەوشت وبیروباوەڕی میللەتەکەمان دەکەن .