ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکانی ئەمڕۆی ناحییەی خەلەکان زانیاری نوێی ڕاگەیاند" قوربانییەکان خەڵکی سنووری قەزای پشدەرن و سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن".
ئەمڕۆ چوارشەممە 4_ی ئەیلول_ی 2024 کامەران مەلا عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، کەمێک پێش ئێستا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" سەرجەم ئەو کەسانەى بەهۆی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە ناحیەی خەلەکان گیانیان لەدەستدا باوکێک و دوو کوڕن".
کامەران عوسمان ناسنامەی قوربانییەکان ئاشكرادەكات و دەڵێت" ناوی باوکەکە موزەفەر حوسێن خدرە و کوڕێکی ناوی محەمەد موزەفەر حوسێە، بەڵام تائێستا ناوی کوڕەکەی دیکە و تەمەنیان نەزانراوە".
ئاماژەی بەوەش كرد، سەرجەم قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی سنوری ناحیەی سەنگەسەرن لە قەزای پشدەر.
ئەوەش لە کاتێکدایە،لە نزیک کاتژمێر ١ و ٢٥ خولەکی دوانیوەڕۆدا، لە ناحیەی خەلەکانی سەر بە قەزای دوکان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی بە ئامانج گرتووە، کە سێ کەسی تێدا بووە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.