دەسەڵاتدارانی خۆجێیی ئەمریکا رایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردن لە خوێندنگەیەکی ئامادەیی لە ویلایەتی جۆرجیا، لانیکەم چوار کەس کوژران و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.
جود سمیس، بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکە لەبەردەم خوێندنگەی ئامادەیی ئەپالاچیان لە بارۆ کاونتی رایگەیاند: "نزیکەی کاتژمێر 9:30ـی بەیانی، یەکەم پەیوەندیمان پێگەیشت لەبارەی بوونی تەقەکەرێک لەناو خوێندنگەکەدا."
هاوکات، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی جۆرجیا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا چوار کەس کوژراون، تاوەکو ئێستا پاڵنەری تەقەکردنەکە دیار نییە، نۆ کەسی دیکە بەهۆی برینەکەیانەوە گواستراونەتەوە بۆ چەند نەخۆشخانەیەک، تۆمەتبارەکەش بە زیندووی دەستگیرکراوە.
لای خۆیەوە کریس هۆسی، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی جۆرجیا لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، تەقەکەرەکە دەستبەسەرکراوە و ناوی کۆڵت گرایە و تەمەنی 14 ساڵانە، خوێندکاری خوێندنگەکە بووە.
خوێندنگەکە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی ویندەر کە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەتڵەنتا پایتەختی ویلایەتەکە دوورە.
لای خۆیەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دڵتەنگی خۆی نیشاندا و وتی، "ناتوانین لە قبوڵکردنی ئەمە وەک وشتێکی ئاسایی بەردەوامبین"، ئاماژەشی بە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە کرد لە ناوچە جیاجیاکانی ئەمریکا.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی "ئەرشیفی توندوتیژی چەک"، لەمساڵدا لانیکەم 384 رووداوی تەقەکردن بەکۆمەڵ لە ئەمریکا روویانداوە، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، 11 هەزار و 557 کەس بەهۆی توندوتیژیی پەیوەست بە چەکەوە کوژراون.