پاپای ڤاتیکان سەردانى مزگەوتى گەورەى جاکارتاى کرد
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

پاپای ڤاتیکان سەردانى مزگەوتى گەورەى جاکارتاى کرد

پاپای ڤاتیکان، سەردانی مزگەوتی گەورەی جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیای کرد و لەگەڵ وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکە بانگەوازێکی هاوبەشیان بۆ رووبەرووبونەوەی "بەکارهێنانی ئایین لە ململانێکان" واژۆکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی ئەیلولی 2024، پاپا فرانسیس لەگەڵ ئیمامی مزگەوتی ئیستقلال لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا لە دژی بەکارهێنانی ئایین لە ململانێکان و بەرپەچدانەوەی گۆڕانکارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بانگەوازێکیان واژۆکرد.

هاوكات پاپای ڤاتیکان و ئیمامی مزگەوتی ئیستقلال، بانگەوازەکەیان بەناونیشانی "راگەیەندراوی ئیستقلال" ئاشکراکرد و نیگەرانی خۆیان لەبەرامبەر "نەمانی مرۆڤایەتی و چاوداخستن لەبەردەم توندوتیژییەکان" راگەیاند.

پاپای ڤاتیکان، لە وتارەکەیدا لە مزگەوتی گەورەی ئیندۆنیزیا، رایگەیاند: "ئێمە هەموومان براین، هەروەها شەڕ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواش بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی".

پاپای ڤاتیکان کە رێبەری ئایینی یەک ملیار و 300 ملیۆن کریستیانی کاسۆلیک دەکات، رۆژی سێشەممە سەردانێکی فەرمی گەشتە ئیدۆنیزیا و بڕیارە هەر لەو زنجیرە گەشتەشیدا سەردانی هەر یەک لە پاپا گینیا، تیمۆر و سەنگافورەش بکات.

 

هه‌واڵی گرنگ