برنجی ئەم مانگەی بەشەخۆراك كە بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت بۆنی هەیە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، بڕێكی زۆر برنجی جۆری ئۆرگوایی لە بەغداوە گەیشتبووە هەرێم، دوای دڵنیابوونەوە لەوەی شیاوی خواردن نییە، رەوانەی بەغدا كرایەوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رايگەیاند، بۆ بەشەخۆراكی مانگی شەشی ئەمساڵ كە ئێستە بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت، بەغدا جۆرە برنجێكی بۆ هەرێمی كوردستان ناردبوو كە هەرچەندە پشكنینی بۆ كرابوو، بەڵام شیاوی خواردن نەبوو.
زیاتر گوتی، برنجەكە پشكنینی بۆ كرابوو لە رووی تەندروستییەوە كێشەی نەبوو، بەڵام شیاوی خواردن نەبوو، چونكە بۆنی دەهات، دوای ئەوەی لەوە دڵنیابووینەوە بۆ خواردن كەڵكی نییە، هەموو ئەو برنجەی كە لەو جۆرە ئۆرگواییە بوو رەوانەی بەغدامان كردووە بۆ ئەوەی بۆمان بگۆڕن بە برنجی جۆری تر.
شێخ كامیل باسی لەوەش كرد، سەرجەم بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكمان ئاگەدار كردەوە كە ئەو جۆرە برنجە دابەش نەكەن، چونكە بۆ خواردن گونجاو نییە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك خۆراكی خراپ لە بەغدا وەرناگرین و دابەشی ناكەین و دەینێرینەوە.