وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین دەستی پێکرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلولی 2024 وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، بە ئامادەبوونی کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان کۆبوونەوە لەبارەی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین دەستی پێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بە بەشداریی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی نەوت و کانزاکان بەڕێوەچوو، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گفتوگۆی لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی کردوو، لەم ڕووەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەکارییەکانی دەست پێکرد تاوەکو بەم نزیکانە لە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێم بکرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنییەتی کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ و هاوردەکردنی بەنزینی زیاتری بازرگانی و لەم ڕووەوە دەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەکە دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا شاندێکی وەزارەت سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بکات، بۆ دیاریکردن و وەرگرتنی بەشی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی و بەنزین و کۆمەڵێک پرسی پەیوەنداری دیکە.