٣٠ ساڵە پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی لەژێر ناوی دیموکراسییەکی ساختەدا حوکمی خەڵک دەکەن.
ئەم دوو حزبە ئێکسپایەر بوون و کاتیان دەمێکە بەسەرچووە، ئیدی کاتی ئەوەیە بە یەک دەنگ رەتیانبکەینەوە.
رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ دوبێ رۆژی سزادانی یەکجارەکی و دەرکردنی دوایین کارتی سوور بێت بۆ دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی و یەکێتی.
بۆ ئەوانەی وەک من لە دەرەوەی وڵاتن رۆژی هەڵبژاردن رۆژێکی ناخۆشە لەبەرئەوەی دەرفەتی دەنگدانمان بۆ نەڕەخسێنراوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی دەزانن ئەوەی لە دەرەوەی وڵاتە دەنگیان پێنادات بۆیە ئاسانکاری بۆ ئەو پرسە ناکەن و سەدان هەزار کوردی هەندەرانیان لەو مافە بێبەش کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا گەشبینین کە خەڵکی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا بتوانن سزای ئەو دوو حزبە گەندەڵ و خۆسەپێنە بدەن و کۆتایی یەکجارەکی بە دەسەڵاتیان بهێنن تاوەکو کوردانی دەرەوەش بتوانن بگەڕێنەوە و بە ئازادی و سەربەستی لە زێدی خۆمان بژین.
وادیارە لەم هەڵبژاردنەدا پارتی وەک هەمیشە بێمنەتانە دڵنیایی دەدات کە هەر حزبی یەکەم دەبێت و کابینەی ١٠ یەمینی حکومەتیش هەر مەسروور بارزانی پێکیدەهێنیت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش وەک ئەوەی ٣٠ ساڵە ئۆپۆزسیۆن بێت باس لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنێت، بەڵام ئەوەی بیرچووە کە ماوەی ١٥ ساڵیشە لە هیچ هەڵبژاردنێکی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە یەکەم نەبووە بەڵام هەمیشە پۆست و پێگەکان هەر هی ئەوان بووە.
گرنگە خەڵکی کوردستان کۆتا 'بەسە' بەم دوو حزبە بڵێن و هەموومان لەم دۆخە خراپە رزگاربکەن کە تێیدا خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو و کارەبا و شەقام و مووچە و کار بەردەست نین و لەو لاشەوە ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت.