بۆچی خەڵکی باشوری کوردستان دەنگ بە یەکگرتووی ئیسلامی نادەن و بیکەنە فەرمان ڕەوای خۆیان؟ لێتان ناشارمەوە تا ڕادەیەك شۆك بووم و کەمێك وەستام و هەستم کرد ئەم پرۆفیسۆرە بەڕێزە زانیاری زۆر وردی هەیە لەسەر کوردستان. لە وەڵامدا وتم (لە ڕاستیدا نازانم) چونکە ئەبێت ئەو پرسیارە هەموو خەڵکی کوردستان بەشدار بن لە وەڵامدانەوەیدا. پاشان وتم گەر ئاساییە من پرسیارکەی خۆت بەجۆرێکی تر لێ ئەکەمەوە بەجۆرێك کە پێویستی بە خەڵکی بەریتانیا نەبێت بەشدار بن لە وەڵام دانەوەیدا. زەردەخەنەیەکی کرد و ووتی فەرموو وتم (بۆچی ئەبێت خەڵکی کوردستان دەنگ بە یەکگرتووی ئیسلامی بدەن)؟
وتی شت زۆرە کە دەبێت خەڵکی کوردستان وا بکات یەکگرتووەکان ببنە زۆرینە لە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیراندا، ئاماژەی بەوەکرد کە کوردستان کەم قەیران هەیە ئێستا (2016) بەرۆکی نەگرتبێت لەوانە (قەیرانی سیاسی، ئابوری و دارایی، خوێندن و پەروەردە، کۆمەڵایەتی......هتد). ئەو پێی وابوو کوردستان قەیرانە گەورەکەی سیاسیە و ئەوەش (پارتی و یەکیەتی) بە پلەی یەکەم دروستیان کردووە و بەپلەی دووەم حیزبەکانی دیکە لە ڕووی داراییەوە بەرپرسن لەو دۆخەی کە ئێستا دەگوزەرێت جگە لە یەکگرتووی ئیسلامی چونکە لە هەر وڵاتێکدا سیستمی سیاسی جێگیر نەبوو ئەوا هەموو سیستمەکانی دیکەش لەگەڵیدا تێك ئەچن و ناجێگیر ئەبن. لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو بەهیچ جۆرێك باوەڕی بەوە نەبوو کە لە کوردستاندا قەیرانی دارایی بوونی هەبێت بەجۆرێك پارە نەبێت بۆ مووچە و خزمەتگوزاری، پێی وابوو قەیرانی دارایی دروستکراوە لەلایەن دوو حیزبی فەرمانڕەواوە.
ئەو زۆری بەلاوە سەیربوو کە دانیشتوانی کوردستان دوای (25)ساڵ لە فەرمانڕەوایی یەکیەتی و پارتی کە کارەسات نەماوە نەیهێنن بەسەر کوردستاندا هێشتا خەڵك ڕازییە ئەوانە حکومیان بکات. ناحەقی نەبوو چونکە بە سیفەتی ئەوەی ماستەرم لە بەریتانیا خوێندبوو ئەوان زۆر مۆڵەت بەن بە حیزبێك تا فەرمانڕەوایی باش بکات تەنها (4)ساڵە.
ئەو جگە لە یەکگرتووەکان باوەڕی بەهیچ حیزبێکی دیکە نەبوو کە کوردستان بخاتە سەر سکەی فەرمانڕەواییەکی تەندروست. بۆئەمەش پشتی بە مێژووی حیزبەکە بەستبوو بۆنمونە (بۆ ئەو زۆر جێگەی سەرسامی بوو کە لە گەرمەی شەڕ و ناکۆکی نێوان حیزبەکانی کوردستاندا حیزبێك خۆی ڕابگەینێت و بڵێت " من حیزبێكم مەدەنیم و باوەڕم بە چەك نیە و خەباتی شارستانی ئەکەم" لەوەش گرنگتر بۆ ئەو ئەوەبوو کە یەکگرتوو بە کرداریی ئەوەی لە مەیدانی سیاسی کوردستاندا پەیڕەو کردبوو چونکە دەستی سپی خۆی بە خوێنی هیچ کام لە برا کوردەکانی سوور نەکردبوو تەنانەت ئەندامەکانی خۆی لە بادینان بەدەستی برا کوردەکانی کوژران ئەو مامەڵەیەکی مەدەنی لەگەڵ کەیسەکەیاندا کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە لەو گەندەڵستانەدا چۆن یەکگرتووەکان توانیویانە خۆیان بپارێزن لە موچەخۆری نایاسایی؟ مەبەستی (بن دیوار)ەکان بوو.
ئەو پرۆفیسۆرە پاش قسەکردنێکی زۆر و وردەکاری کە منیش تەنها گوێم بۆ گرتبوو وتی "سوێند بەو خوایەی کە زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکەت باوەڕی پێیەتی گەر ئەو حیزبە لە بەریتانیا بوایە بەیەك دەنگدان وڵاتمان ڕادەست ئەکرد".
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی " من پێم وایە بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی زۆری نەماوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا چەند حیزبێکی دیکەش دروست ئەبن بەڵام هیچیان بۆ خزمەتی کورد و کوردستان دروست نابن بەڵکو دەرئەنجامی کێشە و ناکۆکیانە لەنێوخۆی حیزبەکانیاندا واتە کێشەی کورسی و پارەی زەبەلاحیان هەیە یانیش دروستکراوی وڵاتانن" ڕوونیکردەوە کە ئەو حیزبە تازە دەرکەوتووانەش بەشێك لە خەڵکی کوردستان بۆ ماوەیەك فریوو ئەدەن بەڵام ئەوانیش تەمەنیان درێژ نابێت و داهاتووی ئەو بەشەی کوردستان هەر ئەبێت بکەوێتە دەست یەکگرتووی ئیسلامی.
تێبینی:- تەبعەن ئەوکاتە هیچ کام لەم حیزب و لیستانە بونیان نەبوو (نەوەی نوێ، هاوپەیمانی، بەرەی گەل، هەڵوێست) وە گۆڕانیش ژماریەکی باش کورسی هەبوو لە پەرماندا. وا بزانم پێشبینیەکانی ئۆکسفۆرد زۆر ورد بوون.