ئەی ئەو کەسەی بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەیت.
بایکۆت کردنی بەڕێزت بۆ هەڵبژاردن چەند گریمانەیەک زیاتر هەڵناگرێت...
یەکەم: بەڕێزتان زۆر زۆر خاوێنن ناتانەوێت تێکەڵاوی ئەم چڵپاوی بەناو هەڵبژاردنەکان ببن.
دووەم: بەڕێزتان زۆر زیرەکن ئەم حیزب و لیستانە لە ئاست تێگەشتنی ئێوەدانین و ئێوە گاڵتەتان بە عەقڵی هەموو حیزبەکان و دەنگدەرەکانیشیان دێت.
سێیەم: تێگەشتنی هەڵەی بەڕێزتان لە گرنگی هەڵبژاردن و کاریگەر دەنگی هاوڵاتیان.
چوارەم: بەڕێزتان پێشتر ئەندام و دەنگدەری حیزبێک بوون بەجۆرێک خۆتان بە مافخوراو دەزانن و بێ ئومێد بوون لەو لایەنەی پێشتری خۆتان.
پێنجەم: بەڕێزتان خۆتان لە دەرەوەی کۆمەڵگەی کوردییەوە دەبینن و هیچ قەیرانێکی ئیداری و ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەخلاقی و ...... هتد، بەلاتانەوە گرنگ نییە، چۆن دەگوزەرێت بابگوزەرێت.
شەشەم: هەموو حیزب و لیستەکان لای بەڕێزتان وەک یەک وان و هیچ جیاوازیەکیان نییە و پێتان وایە هەڵبژاردن و دەنگدانیش باری لاری ئەو میللەتە ڕاست ناکاتەوە.
حەوتەم: جۆرە بیرکردنەوەیەکیش لای هەندێ دیندار هەیە کە دەنگدانیان پێ قبوڵ نیە و بە کارێکی نا شەرعی دەزانن.
هۆکاری بایکۆت کردنی هەڵبژاردن هەر کام لەو گریمانانە بێت ئەوا ئێوە حەقتانە و خۆتان بێ ئاگا بکەن لە دەرهاویشتەکانی هەموو ئەو قەیران و ئاریشانە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن ئیتر حەق نییە لە هیچ کام لەو قەیرانانەدا ڕا و قسە و ناڕەزای و سەرنجتان هەبێت، وەک ئەوەی ئێوە خەڵکی وڵات و کۆمەڵگەیەکی تر بن.
ئەگەر بەڕێزت هۆکارێکیتر هەیە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و من دەرکم نەکردووە پێم خۆشە بیزانم.