رۆژی ٢٠ـی ئەم مانگە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینیان لەبەردەستە کە بۆ دواجار بە پارتی و یەکێتی بڵێن ئیتر بەسە و کۆتایی بە دەسەڵاتیان بهێنن.
دوای نەمانی رژێمی سەددام هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرا ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و ئازادی و پێکەوەژیان کە تێیدا خەڵکەکەی هەم ئازاد بن و هەم ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین، بەڵام دوای ٣٣ ساڵ لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، کوردستان نموویەکی خراپی کەمی خزمەتگوزاریی و دیموکراسییەکی شەل و ئازادییەکی سنووردارە.
زۆر قسە و گفتوگۆ لەسەر کێشەکان کراوە بەڵام ئەوەی وەک گەنجێکی کورد لە ئەوروپاوە دەمەوێ بە خەڵکی وڵاتەکەمی بڵێم ئەوەیە تکایە بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە گەندەڵ و زاڵمە بڵێن ئیتر بەسە، پێیانبڵێن چیدیکە بە بەڵێنەکانتان فریوناخۆین.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەک دیموکراتن و نە نیشتمانین بەڵکو دوو حزبی بنەماڵەیی و خێزانین کە یەکێکیان لەپێناو بنەماڵەکەی پرۆسەی دیموکراسی پێشێل دەکات و ئەوی دیکەش لەپێناو مانەوەی بنەماڵەکەی لە دەسەڵات ئامادەیە دۆخی کوردستان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ
بەداخەوە کوردانی دەرەوە مافی دەنگدانیان نییە بۆ ئەوەی سزای ئەو دوو جووت حزبە بدەن بەڵام داوا لە کەسوکار و خزم و دۆستانمان دەکەین کە وەک جاران بایکۆت نەکەن بەڵکو بچنە سەر سندوقەکان و بەم دەسەڵاتە بڵێن ئیتر بەسە و بۆ دواجار بڕۆن.
وەک گەنجێکی هەولێری کە لەدەست زوڵم و نادادی دەسەڵات وڵاتم جێهێشتووە و مافی دەنگدانیشم نییە داوا لە گەنجانی کوردستان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دەکەم کە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان تۆڵەی زوڵم و نادادیەکان بدەنەوە. تکایە با ئیتر بەس بێت.