پارچەیەكی گەورەی مەرجان دۆزرایەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

پارچەیەكی گەورەی مەرجان دۆزرایەوە

 

 

زانایان ڕایانگەیاند، گەورەترین مەرجانی دەریایی جیهانیان لە نزیك دوورگەكانی سولەیمان لە زەریای هێمن دۆزیوەتەوە كە پڕیەتی لە ڕەنگ و ژیان.

ئەم مەرجانە لە لوتكەی باشووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەكانی سولەیمان لە ناوچەیەك كە بە (سێ خوشك) ناسراوە، لەلایەن تیمێكی ناشناڵ جیۆگرافیكەوە دۆزراوەتەوە كە خەریكی ئەنجامدانی گەشتێكی زانستی بوون لەو ناوچەیە، دوورگەكانی سولەیمان وڵاتێكە كە لە (990) دوورگە پێكهاتووەو دەكەوێتە باشووری زەریای هێمن.

قەبارەی ئەم مەرجانە ئەوەندە گەورەیە كە ئەو توێژەرانەی كە لە ئاوە ڕوونەكانی دوورگەكانی سولەیماندا بە كەشتی دەڕۆیشتن، سەرەتا پێیان وابوو كە بەر كەشتییەكی نوقمبوو كەوتوون.

(ئینریك سالا) زانای ئیكۆلۆژی دەریایی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو كاتەی پێمان وایە هیچ شتێك نەماوە لەسەر زەوی بۆ دۆزینەوە، مەرجانێكی زەبەلاح دەبینین كە لە نزیكەی ملیارێك بەش بچووك پێكهاتووە كە پڕە لە ژیان و ڕەنگ.

توێژەران دەڵێن، پێكهاتەی مەرجانەكە نزیكەی (300) ساڵە گەشە دەكات و لە تۆڕێكی ئاڵۆز لە پێكهاتە بچووكەكانی مەرجانی پێكهاتووە.

توێژەران دەشڵێن، پانی مەرجانەكە (34) مەترو درێژییەكەی (32) مەتر دەبێت و ڕایگەیاندووە، ئەم مەرجانە زەبەلاحە سێ هێندە گەورەترە لەو مەرجانەی دیكە كە دوایین جار تۆمار كراوە.

زانای مەرجانی ئێریك براون دەڵێت، لە كاتێكدا مەرجانەكان بەهۆی گەرمبوونی دەریاكانەوە خەریكن تێكدەچن، بینینی ئەم مەرجانە گەورەیە نیشانەی هیوایە.

دارستانە باراناوییە گەشاوەو ئاوە پاكەكانی دوورگەكانی سولەیمان ماوەیەكی زۆرە بەهۆی جۆراوجۆری زیندەوەرانەوە جێگەی سەرنج بوون.

 

هه‌واڵی گرنگ