گیاندارێكی درەوشاوە دۆزرایەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

گیاندارێكی درەوشاوە دۆزرایەوە

 

 

دوای دوو دەیە لە بینینی گیاندارێكی نەناسراو لە قووڵایی زەریای هێمن، دواجار توێژەرانی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا لەم هەفتەیەدا ڕایانگەیاند، سەركەوتوو بوون لە ناسینەوەی ئەو گیاندارە دەریاییەو دەڵێن، جۆرێكی نوێی گیانلەبەرە كە لەناو بەشی نیوەشەوی زەریای هێمن دەژیت و بە نەرمەلۆكەیەكی پڕ لەنهێنی درەوشاوە ناوی دەبەن.

بە وتەی ئەوان ئەم گیاندارە نەرمەلۆكەیەكی دەریایی نوێیە كە قەبارەی سێوێكەو بە ناوی زانستی (Bathydevius caudactylus) ناسراوە.

زانایانی پەیمانگای توێژینەوەی ئەكواریۆمی مۆنتەری بەی بۆ یەكەمجار لە مانگی دووی ساڵی (2000) لەكاتی ئەركێكی قووڵی غەواسیدا بە بەكارهێنانی ئامێرێكی كۆنترۆڵكراو لە دوورەوە لە قووڵایی (2614) مەتری زەریای هێمندا، ئەو بوونەوەرەیان بینیوەو ناویان ناوە (نەرمەلۆكەی پڕ لەنهێنی).

لەوكاتەوە ئەم جۆرە گیاندارە زیاتر لە (150) جار لە ئەركە جیاوازەكانی غەواسیدا بینراوە، توێژەران بە لێكۆڵینەوە لەم گیاندارە لە تاقیگەدا بۆیان دەركەوتووە كە مامەڵە لەگەڵ جۆرێكی نوێی نەرمەلۆكە دەكەن كە جۆرێكە لە گاسترۆپۆدی دەریایی.

پەیمانگای توێژینەوەی ئەكواریۆمی مۆنتەری بەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئەم نەرمەلۆكە نوێیەی بڵاوكردەوە كە هێواش هێواش لەناو ئاوی قووڵدا دەسوڕێتەوە.

ئەم نەرمەلۆكە لە ناوچەیەكی قووڵی زەریادا دەژیت كە بە ناوچەی نیوەشەو یان ناوچەی قووڵی دەریا ناسراوە.

ئەم ناوچەیە كە بە قووڵایی هەزار بۆ چوار هەزار مەتر لە ژێر ئاودایە، بە پلەی گەرمی زۆر سارد، تاریكی ڕەهاو پەستانی زۆر ناسراوە.

تیمی توێژەران دەڵێن ئەم گیاندارە دەریاییە خۆی لەگەڵ ڕاوكردن لەم قووڵاییەدا گونجاندووە، گیاندارەكە دەتوانێت بە چەمانەوەی جەستەی وەك ستوونێك لە ئاوەكەدا بەرزبێتەوەو بكەوێت و جەستەی شەفافەكەی بەكاربهێنێت بۆ شاردنەوەی خۆی لەكاتی مەترسیداردا.

هەروەها گیاندارەكە دەتوانێت ئەو گەردیلەی درەوشاوە كە لە لەشیدایە، لەكاتی مەترسیدا بەكاریبهێنێت بۆ سەرقاڵكردنی ڕاوچی و خۆی ڕزگار بكات.

ئەم نەرمەلۆكە دوو ڕەگەزن و لە كاتی هێلكەداناندا قاچەكانیان بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی هێلكەكان بۆ ماوەیەكی كاتی بە بنی دەریاوە بلكێن.

زانایان دەڵێن، لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەم ئاژەڵە دەریاییەو گونجاوبوونی لەگەڵ ئاوی قووڵدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشتر تێگەیشتن لە ناوچەی نیوەشەو كە گەورەترین شوێنی سەر زەوییەو لە (70%) ی ئاوی هەسارەكە لەخۆدەگرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ