ڕەهەندە جوگرافییەکانی:
چەمکەکانی سەرژمێری و ئامار و دیمۆگرافیا
یەکەم: سەرژمێری گشتی دانیشتوان چییە؟
سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە ڕووی جوگرافیا، بەتایبەت جوگرافیای دانیشتوان و جوگرافیای پلاندانانەوە ڕووداوێکی گرنگە و پێویستە دەوڵەت لایەنی کەم، بەشێوەی خول و بەردەوام لە شوێنێکی دیاریکراو واتا لە چوارچێوەی وڵات و لە کات و ماوەی دیاری کراودا واتا (5_10) جارێک بەم کارە هەڵسێت. لە نێوان هەر خولێکی سەرژمێرییدا بایەخ بە ئاماری دانیشتوانیش بدات چونکە سەرژمێری و ئامار دوو تایبەتمەندی جوگرافیای دانیشتوانن بەڵام جیاوازن یەکەمیان مەبەست لە سەرژمێری گشتی دانیشتوان (بە عەرەبی: التعداد العام للسكان، بە ئینگلیزی: General Population Census). سەرژمێریی گشتی (التعداد - Census) بریتییە لە پرۆسەیەكی گشتی بۆ كۆكردنەوە و ئامادەكردن و هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی داتا دیمۆگرافی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان لە دەوڵەتێكدا یان لە بەشێك (هەرێمێك)ی ئەو دەوڵەتەدا، هەمیشە پرۆسەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و چالاكییە كارگێڕی و سیاسی و جوگرفی و توێژینەوە زانستییەكان پشت بە داتا ورد و زانستییەكانی دەبەستن، لەبەرئەوە سەرژمێرییە خولییەكان (دوەری)ی دانیشتوان سەرچاوە و سەرمایەیەكی گەورەن بۆ دەستكەوتنی زانیاری دەربارەی بارودۆخی دانیشتوان.
هەروەها دەکرێت بووترێت چەمکی سەرژمێری گشتی بریتییە لە ژماردنی سەرجەم تاكەكانی دانیشتوان، جا ئەو تاكانە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو دەوڵەتە بن، یان بیانی بن، بە مەرجێك ئەو كەسانەی سەرژمێری دەكرێن لەژیاندابن، لەكاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێرییەكەدا و لە چوارچێوەی ئەو سنوورە جوگرافییە دیارییكراوە (سنووری دەوڵەت)دا بن، لەگەڵ كۆكردنەوەی داتاكانی تایبەت بە تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی ئەو تاكانە، جا ئەگەر لە چوارچێوەی خێزانی خۆیاندا بژین یان لە شوێنە گشتییەكانی وەكوو نەخۆشخانە و بەندینخانە و خانەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی.
دووەم: ئەی ئاماری دانیشتوان چییە؟
وەلێ هەرچی زانستی ئامارە بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوە و پلانداڕشتن، کە ھەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و ڕێکخستنی، دواتر شیکردنەوە و کورتکردنەوە و پیشاندانی ئاماریانە و لێکدانەوەی داتا و زانیارییەکان و بڕیاردانێکی گونجاو بە پشت بەستن بە دەرئەنجامە ئامارییەکان.
یاخود ئاماری دانیشتوان بە توێژینەوەی زانستی دەربارەی ژمارەی دانیشتوان دادەنرێت لەڕووی تایبەتمەندی و چالاکی گۆڕانکاری کۆمەڵگە وەک لە دایک بوون و مردن و کۆچکردن و ژنهێنان و جیابوونەوە و. ..هتد. ئەم پروسەش ساڵانەیە.
دیارترین جیاوازییەکانی نێوان سەرژمێری و ئامار لەم خاڵانەدا دەردەکەوێت:
١. سەرژمێری دانیشتوان تایبەتمەندییەکانی تاکەکەس دەگرێتەوە لە وڵاتدا، بەڵام ئاماری دانیشتوان گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان دەردەخات.
٢. سەرژمێری بەشێوەی خولی(دوری)یە واتا(5 بۆ 10)ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئاماری دانیشتوان ساڵانەیە.
٣. سەرژمێری دانیشتوان دەوڵەت پێی هەڵدەسێت لە ئاستی باڵادا، پێویستی بەڕێوشوێنی کارگێڕی و ئەمنی و....هتد. بەڵام ئامار دەکرێت کەسێک یان دەزگایەک یاخود فەرمانگەیەک ئەنجامی بدات.
سێیەم: مەبەست چییە لە چەمکی دیمۆگرافیا؟
چەمکی دیمۆگرافیا: زانستی لێکۆڵینەوەیە لە دانیشتوان لەڕووی چەندایەتییەوە واتا بایەخ بە ژمارە دەدات، بە نموونە زۆری کەمی ژمارە و ڕێژەی لەدایکبوون و مردن، کۆچکردن. دیمۆگرافیا ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانە دەردەخات.