گەنج ترین هەسارە دۆزرایەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

گەنج ترین هەسارە دۆزرایەوە

 

 

ئەستێرەناسان هەسارەیەكی تازە لە دایكبوودا دەبینن كە تەنها (3) ملیۆن ساڵی پێچووە تاوەكو دروست ببێت، ئەوەش لە ڕووی ئەستێرەزانییەوە كاتێكی كەمە بۆ دروستبوونی هەسارەیەك، ئەمەش لە دۆزینەوەیەكدا كە تەحەدای تێگەیشتنەكانی ئێستا دەكات لەسەر خێرایی دروستبوون یاخود پێكهاتنی هەسارەكان.

ئەم هەسارە كۆرپەیە، كە بەپێی خەمڵاندنەكان نزیكەی (10) هێندە یاخود (20) هێندەی قەبارەی زەوی گەورەترە، یەكێكە لە گەنجترین هەسارەكان لە دەرەوەی سیستەمی خۆریماندا، كە بە هەسارە دەرەكییەكان ناسراون، لە تەنیشت پاشماوەی دیسكێكی گازی چڕو خۆڵدایە كە بە دەوری ئەستێرەیەكدا دەخولێتەوە، ئەستێرەكەی هەسارەكە هۆكار بووە بۆ دروستبوونی هەسارەكە.

هەسارەكە دەكەوێتە گالاكسی میڵكی وەیەوەو نزیكەی (520) هەزار ساڵی ڕووناكی لە زەوییەوە دوورە، ساڵی ڕووناكی دووریی ئەو ڕووناكییەیە كە لە ساڵێكدا گەشت دەكات، دەكاتە (9.5) تریلیۆن كیلۆمەتر.

مادیسن باربەری خوێندكاری دەرچووی بەشی فیزیاو ئەستێرەناسی لە زانكۆی نۆرت كارۆلایناو نوسەری سەرەكی توێژینەوەكە كە لەم هەفتەیەدا لە گۆڤاری نەیچەر بڵاوكرایەوە دەڵێت، ئەم دۆزینەوەیە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە هەسارەكان دەتوانن لە شێوازێكی یەكگرتوودا بن لە نێو (3) ملیۆن ساڵدا، ئەوەش پێشتر ڕوون نەبووە، چونكە زەوی (10 بۆ 20) ملیۆن ساڵی پێچووە تاوەكو دروست ببێت.

ئاندرو مانی هاوبەش لە نوسینی توێژینەوەكەدا وتی: ئێمە بە ڕاستی نازانین هەسارەكان چەندە كاتییان پێویستە بۆ دروستبوون، دەزانین كە هەسارە زەبەلاحەكان دەبێت خێراتر لە دیسكەكانیان دروست ببن، چونكە پێویستیان بە گازی ئەو دیسكە هەیە تاوەكو دروست ببن، بەڵام دیسكەكان (5 بۆ 10) ملیۆن ساڵییان دەوێت تاوەكو دروست ببن و گاز بدەن، لەبەرئەوە، ئایا هەسارەكان لە (1) ملیۆن ساڵدا دروست دەبن ؟ یان 5 ؟ یان 10 ؟

هەسارە نوێیەكە قەبارەكەی لە نێوان زەوی و نیپتوندایە، زەوی گەورەترین هەسارەی بەردییە لە سیستەمی خۆریمانداو نیپتونیش بچووكترین هەسارە گازییەكانە، هەروەها چڕییەكەی كەمترە لە چڕی زەوی و دایامیتەرەكەشی (11) هێندە گەورەترە لە زەوی، پێكهاتە كیمیاییەكەشی نەزاندراوە.

توێژەرەوان گومانیان هەیە لەوەی كە هەسارەكە دوور لە ئەستێرەكەیەوە دروست بووەو دواتر بەرەو ناوەوە ڕۆیشتووە.

باربەر وتی: دروستبوونی هەسارەی گەورە نزیك لە ئەستێرەوە قورسە، چونكە دیسكەكە دوور دەكەوێتەوە لە نزیكترین ئەستێرەوە، ئەوەش بە مانایەكی دیكە واتە ماددەی تەواویی نابێت بۆ دروستكردنی هەسارەیەكی گەورە بەو نزیكییەو بەو خێراییە.

باربەر وتی: ئەمە گەنجترین هەسارەی گۆڕاوە، هەروەها گەنجترین هەسارەیە زاندرابێت.

ئەستێرەو هەسارەكان لە هەوری گازی ئینتەرستێلار و خۆڵەوە دروست دەبن.

باربەر وتی : بۆ دروستبوونی سیستەمێكی ئەستێرەیی – هەسارەیی، هەوری گاز و خۆڵەكە دەڕووخێن و دەچنە سەر ژینگەیەكی تەخت، ئەستێرەكە لە ناوەڕاستدا دەبێت و دیسكەكە دەوری دەدات، هەسارەكان لەو دیسكەدا دروست دەبن. دواتر دیسكەكە دەبڕدرێت، لە ناوەوەی لە نزیك ئەستێرەكەوە دەست دەكات بە بڕینەوە.

وتیشی: پێشتر باوەڕوابوو كە ناتوانین هەسارەیەكی گۆڕاو بەو گەنجییە بدۆزینەوە، چونكە دیسكەكە ڕێگری دەكات، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك كە دڵنیا نین لێیان، دەرەوەی دیسكەكە شەپۆڵدارە، ئەوەش دەرفەتێكی زۆر باش دەدات بۆ ئەستێرەكەو ڕێگە بە ئێمەش دەدات گۆڕانەكە ببینین.

 

هه‌واڵی گرنگ