سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی کەمئەندامان ڕایدەگەیەنێت، 61 ڕۆژە کەمئەندامان مووچەیان وەرنەگرتوە، بەو بۆنەیەشەوە ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕادەگەیەنین.
سامان حسێن، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی كەمئەندامان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، لە 3ی 12ی هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانی كەمئەندامانە، كە لە هەموو وڵاتانی دنیادا بڕیار و خزمەتی باش پێشكەش بە كەمئەندامان دەكرێت، بەڵام لای خۆمان 60 ڕۆژە كەمئەەندامان مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، “لە كابینەی پێشوودا یەك كاری باش بۆ كەمئەندامان نەكراوە و چاوەڕێی هیچ كارێكی باشیش ناكەین بۆ كەمئەندامان بكرێت و دڵنیاین حكومەت هیچ هەنگاوێك نانێت”.
باسی لەوەش كرد، وەك یەكێتی كەمئەندامان لەبری شایی و هەڵپەڕكێ و فێستیڤاڵ، سێ ڕۆژ پرسە و ماتەمینی ڕادەگەیەنین بۆ ژیان و حاڵی خۆمان، كە لە ئەمڕۆوە تاوەكو 4ی ئەم مانگە بەردەوام دەبین و پرسە دەبێت، چونكە هیچ دڵێكمان بەم دەسەڵات و حكومەت خۆش نییە و هەر كەسێك هات بۆ پیرۆزبایی نەیەت، بەڵكو بۆ هاوخەمیی بێت بۆ لامان.
هەروەها ئەوەشی خستەروو، هیچ كات هێندەی ئێستا دۆخ و ژیانی خەڵك بەگشتی و كەمئەندامان بەتایبەتی خراپ نەبووە.