ئەمە یەکەمجار نەبووەو ناشبێت کە کێشەو قەیران دێتە پێش بۆ پرۆسەى پەروەردەو فێرکردن لە هەرێمى کوردستاندا، هەر جارە و بە جۆرێک و، هەر ساڵە و بە هۆکارێک، زۆرینەیان مرۆیی و بەدەستى کارەکتەرەکان خۆیانە و، کەمینەیەکیش سروشتى و بەدەر لە دەسەڵاتى مرۆڤە، بەڵام ئەوەى بینراوەو ئێستاش دەبینرێت بەداخەوە خودى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان هۆکارن و، ناهێڵن لەسەر پێى خۆى بوەستێت و، وەک هەر کەرت و سێکتەرێکى ترى ژیان و ئیدارە، ئەمیش دەبێتە قوربانى بەرژەوەندییە سیاسى و شکستە ئیدارى و حوکمڕانییەکان..
ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) جیاواز لە ساڵى ڕابردوو ئیرادەیەکى بەهێز لاى سەرپەرشتیار و مامۆستایان و، سەرجەم کۆمەڵگەى کوردستانى هەبوو بۆ بردەنەسەرى ساڵێکى گەرموگوڕى خوێندن، بەڵام ئەوە پلان و بەرنامەى حکومەت و وەزارەت بوو کە بەبێ دیراسە، یان دیراسەیەکى لاواز و کەمەوە، کۆمەڵێک بەرنامە و هەنگاوى نوێى کارکردنى خستە ناو پرۆسەى خوێندن و ئەرکى مامۆستایانەوەو، بەجارێک لە جیاتى سوککردنى ئەرکى سەر ناوەندەکانى خوێندن، زۆر زیادى کرد، ئەوەى کە دەویسترا پرۆسەیەکى وەک بنیاتنانى تواناکان (ناسراو بە بریتش کاونسڵ) بە گۆڕانکارى و گوڕێکى باشەوە بخاتە سەر رێچکەى دروستى کارکردنى خۆى، بەڵام وا خەریکە ئەویش لەگەڵ ئەوانى تردا لەگەڵ خۆى ئەبات و، ئەوەى ئاسۆیەکى لێ دیارە ئەوەیە کە ئاستەنگێکى گەورە هەیە لەبەردەم بەڕێوەچوونى ئەو پرۆسەیەدا و ناتوانرێت لە زۆرینەى پەروەردە و ناوەندەکانى خوێندندا جێبەجی بکرێت..
ئەوەى کە هەموو ئەم قەیران و ئاستەنگانەى گەورەتر و بەهێزتر کرد و کۆسپى گەورەى لەبەردەم پرۆسەکەدا دانا، پرسى موچە و بارى دارایی موچەخۆران بوو، ئەوەش حاڵەتێکە دە ساڵە ئەم هەرێمەى پێوە دەتلێتەوەو، هەر ساڵە و بە جۆرێک و هەر کابینەى بە سیاسەتێکى شکستخواردووتر بەڕێى دەکات و، نەتوانراوە بە ئیرادەیەکى بەهێز و میللەت دۆستانەوە بیر لە چارەسەرى ریشەیی بکرێتەوە..
زەنگى ئەمجارەى سەر پرۆسەى خوێندن، ئاگادارکردنەوەیەکى ئاسان و چارەسەرێکى زۆر سادەو کورتى دەوێ، ئەویش بڕیارێکى بەرپرسانە و میللەتدۆستانەى دەوێ، تەنها دەسەڵات بیرێک بکاتەوە لە حاڵى میللەت بە گشتى و، ئەو مەترسییانەى روو لە پەروەردەى منداڵان و پێگەیاندنى قوتابیان ئەکەنەوە، لە ئەنجامى نەبوونى موچەى فەرمانبەران و گیرفانى خاڵى دایبابان و مامۆستایان پێکەوە، ئیتر هەستى مرۆڤانەى دەجوڵێت بۆ ئەوەى وەڵامى هاوڵاتیان بە کردەیی بداتەوە، تا ئەو داهاتە ناوخۆیی و داهاتى فرۆشتنى نەوت و خاڵە گومرگى و مەرزەکان بکاتە بارتەقاى ئەو پارەیەى بەغدا ناردویەتى و، نەک موچەى مانگى (١٠)، بەڵکو دەتوانێت موچەى مانگى (١١ و ١٢)یشى پێ بدات و، هەموو شت ئەکەوێتەوە سەر رێچکەى کارى خۆى، ئەمەش ئەو پرس و بابەت و بەرپرسیارێتییەى جەنابى وەزیر و بەرپرسانى ترى پەروەردە و خوێندنە کە ئەبێ دەرکى بکەن و، وەک چۆن لەبیرى پلان و بەرنامەى سەرکەوتنى ئەرک و کارەکەى خۆیاندان، وەک بەشێک لەوە و هەر بۆ خزمەتى ئەو بەرنامەیەى خۆشیان بێت، هەوڵ بدەن و فشارێک بکەن تا هەستیارترین کەرتى ژیان لە هەرێمى کوردستان کە پرۆسەى خوێندنە نەکەوێتە بەر مەترسى فەوتان وشکست و دواکەوتن، بێگومان ئەگەر ویستێک هەبێ بۆ ڕێگرى لەو پاشەکشە و زەبرە کوشندەیەى ساڵانى ڕابردوو بەر ئەم پرۆسەیە کەوتووە..
بەهیواى بەئاگاهاتن و ووردبوونەوە لە هەستیارى دۆخەکە و گرنگى سێکتەرەکە و، ئایندەى ئەو گەل و میللەتەى خەباتى بۆ دەکەین و، لە رۆشنکردنەوەى ئایندەکەى دەڕوانین ، بەڵام ئایا ئەوە دەبینین و هەستێک هەیە بۆ دەرککردنى؟!!..