سەردەمی بێ بەهابوونی مرۆڤ
ژیان لە گۆڕانێکی هەمیشەیی و خێرا و ترسناکدایە، زەمەنی ئێستا زەمەنی قەرەباڵغی و بێ ئاگایی و مردنی بەها و پوچگەراییە، سووڕ و جوڵانەوەی چەرخە، ونبوون و نغرۆکردنی مرۆڤ و ئەتککردنی بەهای مرۆڤەکانە.
سەردەمی ئەمڕۆ بەسەردەمی بێ بەهابوونی تەواوی کایەکانی ژیان ناسراوە، لەسەرووی هەموویەوە سەردەمی بێ بەهابوونی مرۆڤ باڵی کێشاوە بەسەر تەواوی لایەنەکانی ژیاندا، لەکاتێکدا وای لێهاتووە تەواوی پێداویستیەکانی ژیان لەمرۆڤەکان بەبەهاتربن.
ئەمڕۆ زۆربەی کایەکانی ژیان لەشوێنی خۆی نەماون و گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، دەبوایە ئەو گۆڕانکاریانەش لەخزمەت مرۆڤایەتیدابوونایە، بەڵام بوون بەفاکتەری بێ بەهابوونی مرۆڤەکان و مرۆڤایەتی لەڕێز و شکۆ و مرۆڤبوون داماڵراون و خەریکە مرۆڤ تەنها وەک ڕۆبوتێک یان کاڵایەکی ئاسایی سەیردەکرێت و بگرە لەهەندێک وڵاتیشدا ڕۆبۆتەکان لەمرۆڤەکان بەبەهاتر و گرنگترن و ڕێزلێگیراوترن و بەهای ئەوان لەبەهای مرۆڤ بایەخدارترە.
کاتێک کەدەوترێت (بەهای مرۆڤ) ئەگەر ئەو مرۆڤە خاوەنی هەر جۆرە جەستەیەکی لاواز و بەهێز و پەککەوتە یان پیرو گەنج، نێر یان مێ، باوەڕدارو بێ باوەڕ، بە هەرجۆرە زمانێک بدوێ, یان هەر ڕەنگێکی هەبێت،ئەوە خاوەنی بەهای ئینسانی خۆیەتی و پێویستە ڕێزی لێبگیرێت و بەهای نەشکێنرێت.
خودای گەورە بەخودایەتی خۆی ڕێزی لەمرۆڤ ناوەو بەهای بەمرۆڤەکان بەخشیوە و تەواوی زەوی و ئاسمانەکان و ئەوەی لەنێویدایە خستوەتە خزمەت مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ڕێزی لێناوە وەک لەچەند شوێنێک لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت
[ۆڵقَدْ كَرَّمْنَا بَنِی ێدَمَ، الإسراو،70] بەدڵنیاییەوە ئێمە ڕێزێکی زۆرمان لەتۆرەمەو نەوەی ئادەم گرت، زانیاریی و، ژیریی و، قەدو قامەتی ڕێک و جوانمان پێ بەخشیی، کە ئەوەمان بۆ گیانلەبەرانی تر نەکردووە، وەکو خوا لەجێیەکی تردا دەفەرموێ: [لقد خلقنا الإنسان فی أحسن تقویم] التین/٤. یان دەفەرموێ: [وصوركم فأحسن صوركم] غافر/٦٤. [ۆحَمَلْنَاهُمْ فِی الْبَڕّ ۆالْبَحْڕ] و لە وشکانیی و لە دەریادا هەڵمانگرتن بەو شێوە کە کەشتیی و جۆرەها هۆی ترمان بۆ گواستنەوەیان پێدان، ئەوەتا ئێستایش سەرەڕای ئەوانە، خەریکە تەواوی زەویی و بۆشاییەکانی ئاسمانیش دەپشکێنێ [ۆرَزَقْنَاهُم مِّنَ الگَّیِّبَاتِ] و ڕزق و رۆزی پاکیشمان پێدان [ۆفَچَّلْنَاهُمْ عَڵیٰ كَپِیرٍ مِّمَّنْ خَڵقْنَا تَفْچِیلًا] نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو (وەکو ئیبن کەسیر) دەڵێ: لەچاو زۆرێک لەدروستکراوەکانی خۆمان بەفریشتەکانیشەوە پتر قەدرو ڕێزمان گرتوون، بۆیە زاناکان دەڵێن: جنسی ئادەمزاد لە جنسی فریشتە بەڕێزترن. تەفسیری ڕامان) دەبینین کەخودا چەندە مرۆڤی خۆش دەوێت و بەهای بەمرۆڤ بەخشیوە.
بڕوانە ژیانی ئەمسەردەمە بزانە بەهای مرۆڤ لەکوێدایە و لە چیدایە؟ بزانە چۆن بەبەرنامە شکۆی مرۆڤ بوون و بەهای مرۆڤایەتی ژێرپێ دەخرێت، بزانە چۆن بەهای مرۆڤ خراوەتە خوار پێداویستیەکانی دیکەی ژیان، ئەم سەردەمە هەموو شتێک بەهای خۆی هەیە تەنها مرۆڤەکان نەبێت، ئەوە مرۆڤەکانە بێڕێزدەکرێن و دەکوژرێن و بەکۆیلەدەکرێن و ژێرپێ دەخرێن و زیندانی دەکرێن و سوکایەتی پێدەکرێت و پاشان لەبەهای مرۆڤ بوونی خۆی دادەماڵرێت.
بڕوانە لەمڕۆدا وای لێهاتووە بەهای کەناڵ و مۆبایل و سەیارە و مۆدێل و پارە و بوون لەبەهای مرۆڤەکان گرنگتر و بەبایەخترە!! سەرنج بدە خەریکە وای لێدێت ئەگەر خاوەنی پارەو کۆشک و تەلار و ئامێرەکانی تەکنەلۆژیابوویت ئەوکات وەک مرۆڤ سەیر دەکرێیت و ئەو پێداویستیانەی ژیان بەها بەمرۆڤەکان دەبەخشن، لەڕاستیدا ئەوە سەردەمەکە نییە بەتەنها گۆڕاوەو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە،بەڵکو ئاوە مرۆڤەکانن گۆڕاون بەبەهابوونی خۆیان لە بێبەهابوونی مرۆڤەکانی دیکە دەبیننەوە.
مرۆڤایەتی وایلێهاتووە لەپێناو و پارەو پۆست و پلەدا زۆر کەس نەک تەنها بەهای ئەوانی دیکە وێران دەکات بەهای خۆی و کەسایەتی خۆی لەدەست دەدات، ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبێت مرۆڤبوون و بەهای مرۆڤایەتییە، لەبەر ئەمە مرۆڤگەلی ئەم سەردەمە تەنها بەخێو دەکرێن و پەروەردەناکرێن، کەپەروەردەش نەکران ئیتر شکانی بەهاکای مرۆڤ ئاسایی دەبێت.
زۆر جار لەژێر لێوەوە پرتەو بۆڵەمانە دەڵێین ئەم ژیانە بۆ وایلێهات، پێشتر مرۆڤ بەتەنگ مرۆڤ و مرۆڤایەتییەوەبوو، لەخەمی یەکدیدابوون، کەچی ئێستا وایلێهاتووە نەک بەتەنگ یەکەوە نین و خەم بۆیەکتر ناخۆین بگرە خەریکی بێ بەهاکردن و شکاندنی شکۆی یەکترین، جاران بەهای مرۆڤ بوون زۆر گرنگ بوو، زۆر ڕێزی لێدەگیرا، بەڵام لەم ڕۆژگارەدا تەنانەت خەمی موبایلەکەی دەستت،پارەکەت، خانوەکەت،مۆدێلی مەکسی و کراس و جل و بەرگەکەت و خواردنەکەت، خەمی حیزب و سیاسەت، خەمی گۆڕینی مۆدیلی ماڵەکەت و خەمی خواردن و سک و کۆشک و تەلار لە خەمی مرۆڤ بوون و بەهای مرۆڤایەتی گرنگتر و ڕێز لێگیراوترە.
دونیای ئەمڕۆ دونیای قەیرانی مرۆڤایەتی و نەمان و ڕوخێنەری بەهای مرۆییە،
سەردەمەکە پڕە لە دووڕیانی درۆ و نەنگی و ڕیاکاری و ڕواڵەتبازی و مادەگەرایی کە ئەمەش دواجار سەر لەبەکاڵاکردن و بێ بەهاکردنی خودی مرۆڤەوە سەردەردەکات.
بزانە لەچ ڕۆژگارێکداین بەهای مرۆڤ بوون چۆن ئەتک دەکرێت، لەپێناو فول لایت و بستێک زەوی و سەرەی بەنزین و بچوکترین کێشەی کۆمەڵایەتی مرۆڤێک دەکوژرێت و بەهای مرۆڤێک لەپێناو بچوکترین تەماحی ژیان ژێرپێ دەخرێت.
لەڕاستیدا هەرکات بەهای مرۆڤ،بوونی نەماو مرۆڤایەتی لەبەهای مرۆڤ بوون داماڵرا، ئیتر کۆمەڵگە بەهای نامێنیت و ژیان واتای نابێت، ئەوکات مرۆڤ و بەهای مرۆڤبوون لەخوار بەهای نرخی مۆدێلی موبایلێکە کە خەڵک سەرەی بۆ دەگرێت، خەریکە وای لێدێت لەنێوان بەهای مرۆڤ و بەهای مۆدیلەکانی ژیان خەڵک بەهای مۆدێلەکانی ژیان هەڵدەبژێرێت،ئەوکات ژیان وەک ژیانی دیکتاتۆرەکانی لێدێت تەنها کەمینەیەک بەهای دەبێت و ئەوانی دیکە لەبەها دادەماڵرێن و وەک کۆیلەیەکی بێبەها سەیردەکرێت.
گرنگە بەخۆداچونەوەیەک بەخۆماندا بکەین ڕێز و بەها و شکۆ بۆ مرۆڤەکان بگەڕێنینەوە چونکە ژیان بەبەهای مرۆڤەوە خۆش و جوان و ڕازاوەیە،بریا خەڵک پرسیاری لەو کەسانە بکردایە لەپێناو چەند تەماحێکی کەم بەهای خۆیان لەدەست داوە هەست بەچی دەکەن؟ گرنگە لەوە بگەین بەهای مرۆڤ لەتەواوی پێداویستیەکانی ژیان و بگرە لەمرۆڤیش گرنگ تر و بەبایەخترە،چونکە ژیان لەپێناو ڕێز و پاشان بەهای مرۆڤ دروستکراوە و نابێت هەرگیز مرۆڤ بێ بەهابکرێت لەبەر ئەوە مرۆڤ تەنها بەبەهاکەیەوە جوانە، وەک وتراوە:(هیچ بەهایەک لە بەهای مرۆڤ بەهادارتر نییە)
ئارام مجید شەمێرانی