حیبزب کێیە و؟ چۆن و بۆچی و چ کاتێک بڕیار ئەدات؟ ئەمانە پرسیارێکن و وەڵامەکەی لای هەموو تاکێکی هۆشیار روونە، ئەوانەی لە چوارچێوەی هەر ئایدیا و گروپ و حیزبێکدا کۆدەبنەوەو درێژە بە خەباتی سیاسی دەدەن، بێگومان لە قەناعەت و بڕیاربوونیانە بەو رەهەندە جیاوازانەی ئەو حیزبەیان پێکهێناوە، ئەگەر نا ئەوە حیزب نییە، بەڵکو کۆبوونەوەیەکی کاتییە و بە گۆڕانی رۆژگار ئەو کۆبوونەوەیەش کۆتایی پێ دێت.
ئەو بنەما سەرەکییانەی حیزبی لێ پێکدێت و ئەندامەکانی لە دەور کۆدەبێتەوە، هۆکارە بۆ مانەوەو درێژەدانی ئەو حیزبە، بە خەبات و رێچکەی گەیشتن بە ئامانجەکانی، لەوانەش هەندێکیان بریتین لە ئایدیا و، پەیڕەو و پرۆگرام و، رەمزی سەرکردە و، ئامانج و، رێکخستن... ئەمانەش تا بەهێز بن حیزبەکە بەهێز و، تا لاواز بن، ئەو حیزبە بەرەو داکشان ئەبات، هەر حیزب و گروپێکی سیاسی لەپێناو ئەو ئایدیا و ئامانجەی بۆ دروست بووە خەبات بۆ مانەوەو بەرەوپێشچوون ئەکات، بەرژەوەندی لەچیدا بێت ئەو ڕێگایە ئەگرێتە بەر، بۆیەش بیرکردنەوەی کادیر و بەرپرس و دڵسۆزانی حیزب بەو ئاراستەیە دەبێت، ئەوەش ئاساییە ئەگەر جیاواز بێت لە بیرکردنەوەی غەیری خۆیان..
یەکگرتوو پاش ٣٠ ساڵ خەباتی سیاسی لە چوارچێوەی ئەو تابلۆ دیارەی خۆیدا کۆنگرەی نۆیەمی خۆی ئەبەستێت، لە هەر وێستگەیەک و بۆ هەر کۆنگرەیەکی یەکگرتوو خوێندنەوەو شیکاری جیاواز کراوە، ئەوەش چەندە بۆ کەسانی دەرەوەی یەکگرتوو ئاساییە شیکاری خۆی بکات و، خوێندنەوەی هەبێت بۆ سیاسەت و رەوتی پێش و پاش کۆنگرە، لەوە زیاتر و نەک ئاساییە، بەڵکو پێویستە یەکگرتووەکان خۆیان خوێندنەوەو شیکاری بۆ رەوت و ئاراستەی کار و خەبات و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی حیزبەکە بکەن، بێگومان ئەمە ئەگەر لەناوخۆی یەکگرتوو خۆشیدا ڕای جیاواز هەبووبێت و گفتوگۆی بابەتی جیاواز کرابێت ئاسایی بووە و کۆنفرانسە ناوخۆییەکانیش بۆ ئامادەکاری کۆنگرە ئەو تابلۆی گفتوگۆی ڕا جیاوازانەیان نەخشاند، لە دواییشدا هەر ئەبێ ئەوە بچەسپێت کە زۆرینەی کۆنگرە و ئۆرگانە باڵاکانی حیزب دەنگیان بۆ داوەو بووەتە بڕیار، بەڵام لە هەمان کاتدا ناشکرێ لە دەرەوەی حیزبەکەدا ئەو ڕا جیاواز و تێڕوانینە دژانەی بە ئاراستەی گوتار و ئامانج و سیاسەتی یەکگرتوودا دەڵێن و دەنوسرێن، بەهەمان تێڕوانینەکانی ناو یەکگرتووەکاندا سەیر بکرێن، چونکە لە ئەنجامدا ئەوەی ئەوان وەک تۆزی بەر با دەڕوات و جیاوازە لەوەی لەناو خودی یەکگرتووەکاندا هەمووان گەردن کەچ ئەبن بۆ بڕیار و سیاسەتەکان..
لێرەوە بە کورتی ئەچمە سەر ئامانجی سەرەکی قسەکە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر بکرێت سیاسی و شرۆڤەکارێک شیکاری و خوێندنەوە بۆ کۆنگرەی حیزبەکە بکات، یان میدیایەک بەرنامەیەک پێشکەش بکات، یان دیدار لەگەڵ بەرپرس و کادیرێکی یەکگرتوو و غەیری یەکگرتووش ساز بکات سەبارەت بە کۆنگرە، یان هەر سیاسەت و بڕیار و بۆچونێکی یەکگرتوو، حاڵەتێکی نۆرماڵ و ئاسایی و باوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نەگونجاو و نەخوازراوە کە بیەوێت ئەو ئامانجەی لە دەستکەوتنی وەڵامەکەدا دەیەوێت پێی بگات بە زۆر کاری بۆ بکات، چونکە ئەو کەس و میدیا و سیاسەتەی پشت میدیاکە ناگاتە ئەو ئامانجەی یەکگرتوو بە قسەکەی بکات و، لە هەمان کاتدا بەرپرسەکەش توشی ئیحراجی و خوانەخواستە کەوتنە هەڵەش ئەکات، ئەوکات رەنگە ئەنجامی کۆنگرە و بڕیار و ڕاسپاردەکان ئەوە دەرنەچێت کە ئەو لە گفتوگۆکەدا پێی گەیشتووە، بەوەش هەم میدیاکە هەم کەسێتییەکەش زیانی پێ ئەگات، لە ڕابردوودا ئەو وێنانە بینراون و لە داهاتووشدا دەبینرێن..
بۆیە هەم بەرپرسیاری میدیایی و، ئەم رەوشتی کەسێتی، ئەوە دەخوازێت وەک خۆی مامەڵەی واقیعەکە بکرێت، نەگونجاوە کادیرێکی یەکگرتوو بچێتە وەڵامدانەوەی پرسیارێک کە یان زانیاری لەسەری نییە، یان دەزانێ پێی نەگەیشتووەو بیەوێ ڕایەکی خۆی بڵێ کە دورە لە ئەسڵی سیاسەت و بڕیاری یەکگرتوو، لە بەرامبەریشدا پێویستە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خۆیان لەو سیاسەتی خۆنمایشکردنە بپارێزن و، هەوڵی قسەکردن لەسەر هەر شتێک نەدەن کە دەزانن ئەوە کۆنگرەی حیزبێکە و، کادیرە بژاردەکانیان لە ئۆرگانەکانەوە هاتوونەتە ناو کۆبوونەوەیەک و، خۆیان بەرژەوەندی حیزبەکەی خۆیان ئەزانن و، ئەوەی پێویستە بۆ داهاتوویان بڕیاری لێ دەدەن و دەنگی بۆ دەدەن.
هەر ئەوەش بنەڕەتی کاری حیزبایەتی و، دڵسۆزی بۆ کار و، پابەندییە بە ئایدیا و رێکخستن و بڕیارەکانەوە، یەکگرتووش لەوەدا هەمیشە گرەوی براوە بووەو، زۆر ووتراوەو نوسراوەو شیکاری کراوە، بەڵام یەکگرتوو بڕیارەکانی خۆی لەپێشتر گرتووە، ئەگەرچی باجیشی لەپێناودا دابێت، بەڵام لەکۆتاییدا یەکگرتوو بە گەورەیی ماوەتەوەو لە هەر هەوراز و نشێوێکدا ئەگەر ماندووش کرابێت بەڵام لەکار نەوەستێنراوەو پاشەکشەی گوتار و سیاسەتی نەکردووە، هەر ئەوەش حیزبەکەی گەیاندووەتە ئێستایەک، کە بەوپەڕی بڕوابەخۆبوون و یەکڕیزی و پتەوی ناوخۆیی و، ئامانجی روون و، بێ ترس و دڵەڕاوکێ ئەچێتە ناو کۆنگرەوەو، پشتیوان بە خوای گەورە بەو سەرکەوتنە چاوەڕوانکراوەی کە رێکخستن و کادیر و لایەنگران پێی گەشبینن لێی دێتە دەرەوە..