قەیرانی ئابووری بەرۆكی ئەڵمانیا دەگرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

قەیرانی ئابووری بەرۆكی ئەڵمانیا دەگرێت

 

 

ئەڵمانیا، كە گەورەترین ئابووری ئەوروپایە، رووبەڕووی قەیرانێكی گەورەی ئابووری دەبێتەوەو بە بۆچوونی هەندێك لە پسپۆڕان دۆخەكە نزیكە لەو خاڵەی كە گەڕانەوەی نییە، ئەمەش وڵاتانی دیكەی یەكێتی ئەوروپای ترساندووە، ترسی ئەوروپاش لە جێی خۆیدایە، چونكە ئابوورییە زەبەلاحەكەی ئەوروپا كە ئەڵمانیایە، نزیكەی پێنج ساڵە بەردەوام لە پاشەكشەدایە، چەند رۆژی رابردوو حكومەتەكەی شۆڵتز متمانەی لێ سەندرایەوەو ئێستا ئامادەكاری دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام لە هەمووی خراپتر سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە تا ئێستا هیچ رێگەچارەیەكیان پێنییە.

پەیمانگەی (ئیفۆ) ی تایبەت بە توێژینەوەی ئابوری، كە بارەگاكەی لە میونخە، لە تازەترین توێژینەوەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە نائومێدی باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا كێشاوە، بازاڕی كار لاوازبووەو (0.9) خاڵی لە دەستداوەو لە راپرسییەكیشدا كە نزیكەی نۆ هەزار كۆمپانیا بەشداربوون، بێهیوایی باڵی بەسەر زۆربەیاندا كێشاوە، بە واتایەكی دیكە هیوایان بە هەستانەوەی بازاڕ نییە.

سەبارەت بە نائومێدی خەڵكیش راپرسییەكی كۆمپانیای (ئەلێكس پارتنەرز) دەریخست، كە (35%) ی خەڵكی ئەڵمانیا بڕیاریانداوە خەرجییەكانیان كەم بكەنەوە، بە تایبەتیش ئەو پارەیەی كە لە كڕینی ئامێری ئەلیكترۆنی و كەلوپەلی ناوماڵ و بەسەربردنی كاتی پشوودا خەرج دەكرێت، هەروەها (37%) ی هاوڵاتیانیش خەرجی كاتبەسەربردن لە دەرەوەی ماڵ كەم دەكەنەوەو (54%) ی خەڵكیش نانخواردن لە چێشتخانەكانی دەرەوەی ماڵ كەم دەكەنەوە. ئەم بێهیواییە دوای ئەوە دێت، كە پەرلەمانی ئەڵمانیا متمانەی لە حكومەتەكەی ئۆلاڤ شۆڵتز سەندەوە، هەڵبەت شۆڵتز هەفتەی رابردوو، خۆی داوایەكی پێشكەش بە پەرلەمان كرد تا متمانەی لێ بسننەوە، ئەویش دوای ئەوەی كە زانی حكومەت هەرەس دەهێنێت، شۆڵتز توانای راستكردنەوەی باری لاری ئابووریی وڵاتەكەی نەبوو، هەر لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا وەزیری داراییەكەی لەسەر كار لابرد، كە كریستیان لیندنەر بوو، لەبەر ئەوەی ناكۆكی كەوتە نێوانیان لەبارەی چاكسازییە ئابوورییەكانەوە، وەزیری داراییش كە سەر بە حزبی دیموكراتی ئازاد بوو، هەموو وەزیرەكانی حزبەكەی كە لە حكومەتدا بوون، كێشایەوە و حكومەتی جێهێشت.

 

هه‌واڵی گرنگ