سەرۆكی ژمارە (39) ی ئەمریكا لە تەمەنی (100) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
(جیمی كارتەر) لە ساڵی (2023) ەوە دوای ئەوەی ڕەوشی تەندروستی تێكچووبوو لە ماڵەكەی خۆیدا لە جۆرجیا خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ دەكرا.
ئەو تەنها سەرۆكی ئەمریكا بووە كە تەمەنی گەیشتۆتە (100) ساڵ و لە مانگی دەی ئەمساڵ ئاهەنگی سەد ساڵەی تەمەنی بۆ كرا.
لە (1/10/1924) لە پلەینس، شارۆچكەیەكی بچووكی ویلایەتی جۆرجیا لە دایك بوو. باوكی جوتیارو كاردار بوو و دایكیشی پەرستاربوو.
دواناوەندی لە خوێندنگەی گشتی هەر لە پلەینس تەواو كرد، پاشان چووە كۆلێژی جۆرجیا ساوتوێسترێن و ئنستتیوتی تەكنەلۆژی جۆرجیاو لە ساڵی (1946) بەكالۆریۆسی لە ئەكادیمیای هێزی دەریایی ئەمریكا بەدەستهێنا.
لە ساڵی (1953) پاش مردنی باوكی، گەڕایەوە بۆ لای خێزانەكەی لە جۆرجیاو كێڵگەكانی كارتەری بەڕێوە دەبرد.
لە ساڵی (1962) لە هەڵبژاردن بۆ سیناتی جۆرجیا سەركەوتنی بەدەستهێنا، لە ساڵی (1966) لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی فەرمانڕەوای ویلایەتەكەیدا شكستی هێنا، بەڵام دواتر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەركەوتنی بەدەستهێناو لە (12) ی مانگی یەكی ساڵی (1971) بوو بە (76) هەمین فەرمانڕەوای ویلایەتی جۆرجیا، لە ساڵی (1974) سەرۆكی هەڵمەتی هەڵبژاردنی كۆمیتەی نیشتمانی دیموكراتەكان بوو بۆ هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس و فەرمانڕەوا.
لە 12 ی یەكی ساڵی 1974 كاندیدبوونی خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا ڕاگەیاندو لە ساڵی 1976 لە كۆنگرەی دیموكراتەكاندا دەنگی پێدرا بۆ بوون بە كاندیدی سەرەكی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنەكانی ئەو ساڵەداو لە 2 ی مانگی یازدەی ساڵی 1976 وەك 39 هەمین سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرا.
ڕووداوە سەرەكییەكانی لە دەمی سەرۆكایەتی كارتەردا ...
لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتی كارتەردا چەندین ڕووداوی گرنگ لە ئەمریكا و جیهان ڕوویاندا.
یەك ڕۆژ پاش دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەمریكا لە 21 یەكی 1977 جیمی كارتەر یەكەم فەرمانی دەركردو لێخۆشبوونی بێ مەرجی ڕاگەیاند بۆ سەدان هەزار پیاو كە خۆیان لە ناونوسیكردن بۆ جەنگی ڤێتنام دزیبوویەوە.
لە 22 ی مانگی پێنجی ساڵی 1977 كارتەر لە زانكۆی نۆتەردام وتارێكی لەسەر ڕێبازێكی نوێی سیاسەتی دەرەوەی پێشكەشكردو تیایدا تیشكی خستە سەر ڕێبازی دژ بە كۆمۆنیزم و پشتیوانی زیاتری بۆ مافە بنچینەییەكانی مرۆڤ دەربڕی.
لە 31 ی مانگی دوازدەی ساڵی 1977 كارتەر سەردانی شا موحەمەد ڕەزا پەهلەوی كرد لە تاران و ئێرانی بە دورگەیەكی سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودێر كرد.
لە 5 ی مانگی نۆی ساڵی 1978 سەرۆك كارتەر نێوەندگری كرد لە نێوان سەرۆك وەزیری ئیسرائیل مێناخێم بەگین و سەرۆكی میسر ئەنوەر سادات، لە ئەنجامدا لە 26 ی سێی ساڵی 1979 ڕێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە مۆر كرا.
لە 15 ی مانگی پێنجی ساڵی 1978 پەیوەندی دیپلۆماسی تەواو لەگەڵ چین دەستیپێكرد.
لە 17 ی مانگی دەی ساڵی 1979 كارتەر یاسای دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردەی مۆركردو شێرلی هافستدلێری وەكو یەكەم وەزیری پەروەردە دەستنیشان كرد.
لە 20 ی مانگی دەی 1979 بڕیار درا شا لە ئەمریكا چارەسەری پزیشكی بۆ بكرێت، ئەمەش پاش ئەوەی لە 16 ی یەكی 1979 ئێرانی بەجێهێشت و لە 1 ی مانگی دووی 1979 خومەینی گەڕایەوە بۆ ئێران.
لە 4ی مانگی یازدەی ساڵی 1979 درێژترین دۆخی بارمتەگرتن لە مێژوودا تۆماركرا، كاتێك خوێندكارانی ئێرانی 52 دیپلۆمات و هاوڵاتی ئەمریكیان لە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران بە بارمتە گرت و ئەو دۆخە بۆ ماوەی 444 ڕۆژ بەردەوام بوو، خوێندكارەكان پشتیوانی شۆڕشی ئێران بوون و ئەو بارمتانەیان وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە داڵدەدانی شای ئێران موحەمەد ڕەزا پەهلەوی لەلایەن ئەمریكاوە گرتبوو.
پاش ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكان شكستیان هێنا لە ئازادكردنی بارمتەكان، بەڕێوەبەرایەتی كارتەر بڕیاریدا بە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بارمتەكان ئازادبكرێن، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكە شكستی هێنا.
لە 4 ی مانگی یازدەی ساڵی 1980 كارتەر لە هەڵبژاردنەكاندا بە ڕۆنەڵد ڕەیگن دۆڕا.
جیمی كارتەر نووسەری 32 كتێبە كە بەشێكی زۆریان هێشتا خوێنەریان هەیە.
لە ساڵی 1982 ئەو بوو بە مامۆستا لە زانكۆی ئەتلانتای جۆرجیاو هەمان ساڵ ناوەندی كارتەری دامەزراند كە ناوەندێكی بێلایەن و قازانج نەویستەو سەرنج دەخاتە سەر پرسە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكانی سیاسەتی گشتی.
كارتەر كە باوكی و برایەكی و دوو خوشكی بە نەخۆشی شێرپەنجەی پەنكریاس گیانیان لەدەستداوە، خۆیشی تووشی شێرپەنجە بوو، بەڵام چارەسەری بۆكرا.
كارتەر سێ كوڕ و كچێك و هەشت نەوەی هەیە. لە پاش خۆی جێهێشتووە