هەموومان دۆسییەکەی ( س.هە) مان لەبیرە کە لە ساڵی 2020 ڕویدا تێیدا نزیکە 50 ملیۆن دۆلاری هەزار هاوڵاتی تێدا خوراو و نەدرایەوە! هەرچەندە ناوبراو بۆماوەیەک دەستگیرکرا، بەڵام لە کۆتایدا ئازادکرا.
هەردوای ئەو دۆسییە بڕیارمدا بەدواداچوون بۆ ئەو جۆرە دۆسیانە بکەم و بزانم ئایا لەدوای دۆسییەکەی (س.هە) کەسیتر دەکەوێتە هەڵەی ئاواوە، بەڵام بەداخەوە لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا هەر ئەوانەی من پێم زانیبێت و لای خۆم 46 دۆسییەم تۆماردووە، کە کۆتا دۆسییەیان کۆمپانیایەک بوو بەناوی (گرینوود) کە بڕیاربوو سکۆتەرەر بکڕێت بۆ بەشداربووەکانی و لە وڵاتانی ئەوروپا و چین و ئوستورالیا بیاندات بەکرێ و یەک لەسەر پێنجی قازانجەکەی بۆ کۆمپانیاکە و چوار لەسەر پێنجیشی بۆ بەشداربووەکان بێت، وەک ڕاگەیاندنەکان باسیانکرد تەنیا بەشداربوانی کورد زیاترن لە 19 هەزار کەس و بڕی پارەکەش زیاترە لە پانزە ملیۆن دۆلار، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو ئەپڵیکەیشنەی بۆ بەشداربووەکان کرابویەوە داخرا و پارەی هەموو بەشداربووەکان فەوتا!
ئەو دۆسییانەی من تۆمارم کردوون جۆراوجۆرن وەک بازرگانی و دراوی ئەلەکترۆنی دەرمانخانە وخانوبەرە و نوسینگەی دراو و پێشانگای ئۆتۆمبێل و ئاژەڵداری و کۆمپانیای دابینکردنی ڤیزا و مۆبێلیات و ........هتد.
دەمەوێت بپرسم ئاخۆ ساڵانە دووبارەبونەوەی ئەم جۆرە فریودان و هەڵخەڵەتاندنە بەسنییە؟ بۆ ئەوەی خەڵکی بەهۆش بێنەوە و ئیتر نەکەونە داوی خەڵکانی فێڵباز و فریودەرەوە، ئاخۆ تاکەی بەهۆش دێنەوە و وانە لە هەڵەکانی ئەوانیتر وەردەگرن؟
من دڵنیام ئێستەش چەندین جۆر دۆسیەی هەڵخەڵەتاندن و فریودان هەیە و لە داهاتوودا ئاشکرا دەبن، تکایە با بەسبێت بەدەستی خۆتان ماڵی خۆتان وێران مەکەن و خۆتان ئیفلاس پێ مەکەن و ژیانی خۆتان وێران مەکەن و وانەیەک لەوانەی پێش خۆتان وەرگرن.