پرسیاری یەكەم ... ئایا قەڵەوی نەخۆشییە ؟
پرسیارەكە گرنگییەكەی لەوەدایە كە ئەگەر قەڵەوی نەخۆشی نەبێت ئەوا هەوڵ نادەین چارەسەری بكەین، وە بۆ ئەم مەبەستە ناچینە لای پزیشك و نەخۆشخانە، لەبەر ئەوە باشتر وایە بەنەخۆشی دابنرێت.
بەڵێ بەپێی سەرچاوە زانستییە جیهانییەكان قەڵەوی نەخۆشییەكی درێژخایەنە، وەكو شەكرە وایە، چارەسەری جۆر بەجۆری دەوێت، وە پێویستی بە بەدواداچوون هەیە، مرۆڤی كێش زیادە هەیە هیچ گازاندەیەكی نییە، شوێنێكی ژان ناكات و كێشەی تەندروستی بەرچاوی نییە، بۆچی بەنەخۆش دابنرێت ؟
بەنەخۆشی دادەنرێت، چونكە چەندەها نەخۆشی بۆسەیان لێی داناوەتەوە، لەپڕ لە شێوەی پرخەی شەو، بێ هێزی و زۆر ئارەقەكردن یان قاچ و پشت ئێشە مرۆڤ بێزار دەكەن و ڕێی پزیشكی پێ دەگرنەبەر، یان ئەوەتا بەرزە فشاری خوێن و شەكرەو سەرەتای نەخۆشی دڵ لەسەر كەسی قەڵەو دەردەكەون زۆر پێویستییان بەچارەسەركردن دەبێت، لەبەر ئەو هۆكارانە قەڵەوی بەنەخۆشی دادەنرێت و پێویستە چارەسەری تەواوی بۆ ئەنجام بدرێت.
پرسیاری دووەم ... ئەگەر قەڵەوی چارەسەر نەكرێت ئەو كەسە چی بكات ؟ ئەگەر كێشی دانەبەزێت چی ؟
چارەسەری قەڵەوی بریتییە لە دوو لایەن، یەكێكیان دابەزاندنی كێشی لەشەو بەردەوامی پێدانیەتی، خۆ ئەگەر ئەو كارە نەكراو ئەستەم بوو ئەوكاتە چارەسەری دووەم پیادە دەكرێت، ئەویش بەرگە گرتن و چارەسەركردنی ماكەكانی قەڵەوییە، لە چارەسەركردنی لایەنی دووەم هەوڵ دەدرێت زەختی نەخۆشەكە تەواو كۆنترۆڵ بكرێت، هەتا تەواو نۆرماڵ بێت، وە هەوڵ دەدرێت شەكرەی زوو زوو بپێورێت، ئەگەر بەرزبێت بەتوندی چارەسەر بكرێت، ئەگەر نەخۆشەكە جگەرەكێش بێت یان بەكاربەری نەرگیلە بێت دەبێت یارمەتی بدرێت وازی لێ بهێنێت، ئەگەر هەر كێشەیەكی وەكو پشت ئێشە، قاچ ئێشەو لاوازی سێكسی و بێ هێزی دیكەی هەبێت پێویست دەكات بە وردی چارەسەربكرێت،
(د. یوسف خەتی – پزیشكی كوێرە ڕژێنەكان)