گەورە پزیشكێكی ئەمریكا داوای هۆشداری تەندروستی كرد سەبارەت بە خواردنەوە كحولییەكان بۆ ئەوەی تیشك بخەنە سەر ئەوەی كە خواردنەوەی كحولییەكان دەبنە هۆی شێرپەنجەو داوای دووبارە هەڵسەنگاندنی سنووری خواردنەوە كحولییەكانی كرد.
(د. ڤیڤێك مورتی) سەرۆكی دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەكانی ئەمریكا دەڵێت، پەیوەندی نێوان كحول و شێرپەنجە لە ساڵانی هەشتاكانەوە زانراوەو بەڵگەی زۆریش مەترسییەكان دووپات دەكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، نیشانەكانی ئاگاداركردنەوەی زۆرەملێ چارەسەری مەترسییەكە ناكەن لەسەر تەندروستی.
مورتی وتی: كحول بە باشی زاندراوە كە هۆكارێكی شێرپەنجەیەو دەكرێت ڕێگری لێبكرێت، كحول ساڵانە لە ئەمریكا بەرپرسە لە (100,000) حاڵەتی شێرپەنجەو (20,000) حاڵەتی مردن، وتیشی: نزیكەی (13,500) حاڵەتی مردن بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە كە پەیوەستن بە كحولەوە ساڵانە تۆمار دەكرێت.
وتی: بەڵام هێشتا زۆرینەی ئەمریكییەكان ئاگاداری ئەم مەترسییە نین، تیشكی خستە سەر پێویستییەكی بەپەلە بۆ هۆشیاركردنەوەی گشتی.
لە ساڵی (1988) ەوە تەنها ئەم ئاگاداركردنەوەیە لەسەر خواردنەوە كحولییەكان نوسراوە، ژنان لە ماوەی دووگیانیدا نابێت خواردنەوە كحولییەكان بخۆنەوە، چونكە مەترسی كەموكوڕی لە دایكبوونی لێدەكەوێتەوە، هەروەها خواردنەوەی خواردنەوە كحولییەكان وادەكەن نەتوانیت ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت و ڕەنگە ببێتە هۆی كێشەی تەندروستی.
مورتی داوای لە كۆنگرێس كرد ئەو ئاگاداركردنەوەیە نوێ بكەنەوە، بە شێوەیەك لەگەڵ ئەوەی ئێستادا بگونجێت كە بە باشی دەركەوتووە كە خواردنەوە كحولییەكان مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكەن، ولا َتانی وەكو كۆریای باشوورو ئێرلەندا ئەو ئاگاداركردنەوەیەیان نوێ كردۆتەوە.
خواردنەوەی خواردنەوە كحولییەكان مەترسی توشبوون بە لانیكەم شەش جۆری شێرپەنجە زیاد دەكەن، شێرپەنجەی مەمك، قۆڵۆن، جگەر، دەم، قوڕگ و سورێنچك، بۆ شێرپەنجەی مەمك بە تەنها، كحول هۆكاری لە (16.4%) ی سەرجەم حاڵەتەكانی شێرپەنجەی مەمكە.
بەڵام هۆشیاری گشتی لەو بارەیەوە زۆر لە دواوەیە، لە ئامارێكی ساڵی (2019) دا دەردەكەوێت كە تەنها لە (45%) ی ئەمریكییەكان خواردنەوە كحولییەكان بە هۆكارێكی توشبوون بە شێرپەنجە دەزانن.