راگەیاندنی چەواشەو درۆ فرۆش بە پشت بەستن بەو وتەزایەی کە دەڵێ( درۆ درۆ بکە تا باوەرت پێدەکەن) ماوەیەکە و لە گەل سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێ، کە ئەگەری وەرچەرخانێکی مێژویی هەیە لە ناوچەکەدا ، دەیانەوێت روی تیرو ژەهری ڕق و کینەیان روو لە ئیسلامیەکان بکەن و تۆمەتباریان بکەن بە دژایەتی میلەتەکەمان ، کە بە شاهیدی هەموو خاوەن ویژدانێکی زیندوو، لە ئیستادا تەوژمی هەڵکشاوی دینداری بە گشتی و ئیسلامیەکان بە تایبەتی (بە جیاوازی ناوو شێوازی کاریانەوە)، گەورەترین خزمەتیان بە کوردو کوردستان کردوە. کێ ئەم ڕاستیانەی لە بەرچاو نیە کە:
- ئیسلامیەکان خەریکی پەروەردەی تاک و خێزان و نەوەکانی داهاتون و بەوپەڕی دڵسۆزیەوە خەریکی پێگەیاندنی تاکی نیشتمان پەروەر و بەخزمەتن، بەلام ئەوانی دی کارو بەرنامەیان بۆ دروستکردنی تاکی بچوک و دەستەمۆو بەرژەوەندیخوازو خۆپەرستە، تاکەکانیان نوقمی تێکدان و لە خشتە بردن و تێکشکاندنی دەرونی کردوە.
- ئیسلامیەکان دەلێن گەندەڵ مەبن و نیشتمانەکەمان هی خۆمانەو پاراستن و پەرەپێدان و خزمەت کردنی پەرستشە، ئەوانی دی هەر رۆژەو سوپای داگیرکارێک دەهێننە سەر نیشتمان و بۆ مانەوەی خۆیان ئامادەن لەگەڵ شەیتان رێککەوتن.
- ئیسلامیەکان لە هەموو گۆشەیەکی ئەم نیشتمانە بێ نازەدا بوونیان هەیە و خزمەتی هاووڵاتیان دەکەن و ئاوێتەن بە ئاوو خاکی وڵاتەکەیان و گوتاریان هەردەم ئێمە برای یەکین و موسلمانین و کوردین و دەبێ پشتی یەک بگرین و یەکگرتوبین، بەڵام ئەوانی تر نیشتمانیان کەرت و پەرت و بەش بەش کردوەو ناهێلن پێکەوە وەک گەلێکی ئاسودە بژین و بەهۆی ئەو دابەشبوونەوە مافی بون و ژیانی یەکتریان خستوەتە مەترسیەوە بەردەوام گوتاریان رق بەخشینەوەو حزبایەتی تەسک و خۆپەرستیە ، بە هۆی دەسەڵاتی گەندەلیشیانەوە، هەموو هاووڵاتیان خستوەتە بەردەم مەترسی نەبونی و نەهامەتی و ئاییندە لێڵی.
- ئیسلامیەکان بەردەوام لەڕێگەی کاری خێرخوازیەوە، خەریکی هاوکاری هەژارو نەدارەکانن و لەهەر رووداو کارەساتێکدا فریادڕەسی لێقەوماوانن و زیاتر لە حکومەتی گەندەل هاوکاری خەلک دەکەن و بە کردنەوەی مزگەوت و نەخۆشخانەو خزمەتگوزاری هەمەجۆر ،کرداریان پێش گوفتاریانە، بەلام ئەوانیتر پارەی خێرخوازی بۆ نەخۆشەکان و پارەی خانەنشینان دەدزن و بە پارەی نەوت و گومرگ تێر نابن و سەرانە لەهەر کەسێک وەردەگرن کە جوڵەیەکی بازرگانی هەبێت.
- ئیسلامیەکان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ جوانکردنی کوردو کوردستان لەبەردەم جیهانداو نوێنەرایەتیەکی دڵسۆزانەی گەلەکەیان دەکەن و هەموو پەیوەندی و دۆستایەتی و هەنگاوێکیان بۆ خزمەتی گەلەکەمانەو هەولی بەردەوامیان بۆ ئاشتەوایی و سەرخستنی دۆزی رەوای گەلی کوردە لە هەرچوار پارچەی کوردستان، ئەوانیتر بەداخەوە هەر خەریکی تەسلیم بون و تەنازول کردنن بۆ وڵاتانی تر بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆیان و دروست کردنی هێزو کۆمەکی گروپی چەکدار بۆ دەستێوەردان لە کوردەکانی تری پارچەکانی کوردستان و ئەمەش بە کوردایەتی دەفرۆشنەوە پێمان.
- ئیسلامیەکان بەردەوام خۆڕاگرانە لەبەردەم هێرشی ئەوانیتردان و هەر رۆژەو بە جۆرێک دژایەتی دەکرێن و ماشێنی راگەیاندنی چەواشە دژیان بەکاردەهێنرێت و کاردەکات بۆ دروستکردنی گرفت و ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێوان خۆیانداو دژایەتی سەرکردەکانیان و دانانی پلان بۆ بچوک بوونەوەیان، بەلام دەبینین رۆژ بە رۆژ کاریگەری ئیسلامیەکان لەسەر کۆمەلگاو و گەڕانەوەی خەلک بۆ پابەندی بە ئاینەوە لە زیادبوندایە، هەر ئەوەشە نەیارەکانی توشی بەلەسەبون کردوەو هەر بە دوبارەکردنەوەی درۆکانیان بە ڕێگەی جۆربەجۆر و لە رێی کەسانی ئاست نزم دەیانەوێ بڵێن ئەم ئیسلامیانە خەمی کوردو کوردستانیان نیە ئەو واقیعە تاڵەی کە دروستیان کردووە لە بیری خەلکی بەرنەوە.